عابید ئیکە: ڕەنگە شاندێکی باڵای هەدەپە سەردانی بارزانی بکات
ئەمڕۆ سێشەممە 8\11\2016، عابید ئیکە، بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “دوای ڕووداوەکانی تورکیا، هەدەپە بڕیاری داوە بە پێکهێنانی کۆمیتەیەک، ئەو کۆمیتەیە سەردانی وڵاتانی ئەورووپا دەکات و ناهەقییەکانی تورکیا دەخاتەڕوو، بۆیە ئەگەر هاتوو ئەو کۆمیتەی سەردانەکانی دەست پێ کرد، پێشبینی دەکرێت سەردانی بارزانیش بکات، بەڵام تائێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئێمە داواکاریمان لە هەرێمی کوردستان هەیە کە هەوڵەکانیان لە لێدوان و بەیاننامە نەمێنێت و ببێتە کرداری، یان فشار لەسەر پارتی دادوگەشەپێدان بکات، بۆ ئەوەی کاری جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت". دەشڵێت: ”پێمان باشە دوای سەردانی وڵاتانی ئەورووپا، شاندەکەی هەدەپە سەردانی بارزانی بکات و لەبەرنامەشدا دەبێت".
عابید ئیکە جەختی لەوە کردەوە کە هەدەپە لە دوو ئاستدا کۆمیتەی دەرەوەی هەیە، ئاستی یەکەم، کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە عوسمان بایدەمیر سەرپەرشتی دەکات. کۆمیتەی ئەورووپاش لەلایەن هیشیار ئۆرسۆیەوە سەرپەرشتی دەکرێت. گوتیشی: “لەماوەی ڕابردوودا ئەو شاندە سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، تا دواتر دیداری دەمیرتاشی لێ کەوتەوە و ئێستاش پێمان وایە کە بارزانی کاریگەری لەسەر ئەو پرسە دەبێت”.
باسنیوز
