حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راوێژکارێکی خامنەیی دەداتەوە

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راوێژکارێکی خامنەیی دەداتەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راوێژکارێکی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ”هەندێ بۆچوونی نابەجێ“ی لە دژی هەرێمی کوردستان خستووەتە روو و ”سەرتاپای قسەکانی نادروست و بێنەمان“.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگە بە ”دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان“ بە یەحیا رەحیم سەفەوی نادات، کە قسەکانی دەبێتە هۆی ”شێواندنی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی ھەرێمی کوردستان و ئێران“.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە هیچ هەڕەشەیەکی بۆ ئێران دروست کردبێت و ”تەحەدا“ی ئەو راوێژکارەی عەلی خامنەیی دەکات، کە ”یەک بەڵگە“ی بۆ قسەکانی هەبێت.

لە کاتێدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە داخە بۆ ”بوختان و قسەی ناڕاست“ی بەرپرسێکی وڵاتێکی دراوسێ، رایدەگەیەنێت، ”بەھیچ شێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا لە ھیچ لایەک قبوڵ ناکەین“ و هیواش دەخوازێ قسەکانی یەحیا رەحیم سەفەوی گوزارشت لە خۆی بکات نەک لە وڵاتەکەی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندیی خۆی بە بنەماکانی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دووپات دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بەبێ دەستوەردانە کاروباری ناوخۆی وڵاتان پابەندە بە پاراستنی سەقامگیریی و ئارامی لە ناوچەکەدا.

لەبارەی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپای هەموو ئەو وڵاتانە دەکات، کە هاوکاریی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە ”بە ئێرانیشەوە“، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ”پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی ھەولێر و کوردستانی پاراست و ئێمە قەرزاری گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی خۆمانین“.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەردوو لایەنی ئێران و هەرێمی کوردستان ”لیژنەیەکی باڵای ھاوبەشی ئەمنی“یان هەیە و پێویستە پرسە ئەمنییەکان لەو لیژنەیە باس بکرێن نەک لە راگەیەندنەکان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات ”نوورێک بۆ ئەو شێوازە قسە و ھەڕەشانە دابنرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەیە قبوڵ ناکات“.

رۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2016 یەحیا رەحیم سەفەوی رایگەیاندبوو، کە پەیوەندییان لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و حزبەکانی سلێمانی زۆر باشە، بەڵام لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خراپە.


ئەو راوێژکارەی خامنەیی هەروەها رایگەیاندبوو، کە باڵیۆزخانەی سعودیە لە هەولێر چەکی داوەتە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەو چەکانەوە هێرش کراوەتە سەر ئێران.


دەقی راگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:


یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژكاری بەڕێز سەید عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتەیەكی ناڕێكوپێكدا، هەندێ بۆچوونی نابەجێ لە دژی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەخاتە ڕوو. ئەو جۆرە قسانە جگە لەوەی دەستوەردانێكی رێگەپێنەدراوی یەحیا رەحیم سەفەوین لە كاروباری هەرێمی كوردستاندا و، لەهەمانكاتدا دەبنە هۆی شێواندنی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەبەرئەوەش لێرەدا زۆر بەڕوونی رایدەگەیێنین كە سەرتاپای قسەكانی یەحیا رەحیم سەفەوی نادروست و بێنەمان، هەر بۆیە ناشتوانێ هیچ بەڵگەیەك بۆ ڕاستیی وتەكانی بخاتەڕو. تەحەددا دەكەین كە ناوبراو یەك بەڵگەی هەبێت كە هەرێمی كوردستان لە هەر ڕێگەیەكەوە هەڕەشەی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی دروست كردبێت. ئەوەیش دووپات دەكەینەوە كە ئێمە بەهیچ شێوەیەك ئەو جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە هیچ لایەك قبوڵ ناكەین و جێگەی داخە بەرپرسێكی وڵاتێكی دراوسێ بەم لەهجە ناشیاوە بوختان و قسەی ناڕاست ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكات. هیواداریشین ئەو قسانەی یەحیا ڕەحیم سەفەوی سیاسەتی ڕەسمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێت.

بنەمایەكی سەرەكیی كاركردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەبوونی پەیوەندی و بەهێزكردنیان بووە لەگەڵ دراوسێیەكاندا، لەوانەیش كۆماری ئیسلامیی ئێران. حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندە بەوەی هۆكارێكی سەقامگیری و دروستكردنی ئارامی بێت لە ناوچەكەدا، دوور لە دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆیی وڵاتاندا، ئەوەش بنەمایەكی سەرەكیی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە و بەردەوامیش ئەو بنەمایە لەپەیوەندییەكانیدا دەپارێزێت.

پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای پەیوەندی لەمێژینە و هاوكاری نێوان هەردوولا دامەزراون. هەردەم سوپاسی گەل و حكوومەتی ئێران دەكەین كە لە ڕۆژە سەختەكاندا دەرگەیان بەڕووی گەلەكەمان كردووەتەوە و ئەوە هەرگیز لەبیر ناكەین. لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیش سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەت و دۆستانە دەكەین كە یارمەتیی پێشمەرگە و گەلی كوردستانیان داوە و لەوانەیش كۆماری ئیسلامیی ئێران. جەختیش لەوە دەكەینەوە كە پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی هەولێر و كوردستانی پاراست و ئێمە قەرزاری گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی خۆمانین.

بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گرفتەكانیشدا لیژنەیەكی باڵای هاوبەشی ئەمنی لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، چەندین جار هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هەر پرسێكی پەیوەست بە كاروباری ئەمنییەوە پێویستە لەو لیژنەیەدا باسبكرێت و لێكۆلینەوەی لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێت، لەبەرئەوەش زۆر سەیرە بەلامانەوە لەكاتێكدا كە هیچ شتێك لەو لیژنە هاوبەشدا باسنەكراوە، كەچی یەحیا رەحیم سەفەوی شتێكی بەوشێوەیە بەهەڕەشە و گوڕەشەوە لەبەردەم دەزگا راگەیاندنەكاندا باسدەكات. ئەوە جاری یەكەم نییە كە كەسانی وەك یەحیا رەحیم سەفەوی قسە و هەڕەشەی بەو جۆرە دەكەن، لەبەرئەوەش داوا دەكەین كە سنوورێك بۆ ئەو شێوازە قسە و هەڕەشانە دابنرێت، چونكە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك ئەو جۆرە مامەڵەیە قبوڵ ناكات. هەروەها بۆ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتیدەكەینەوە، هەر پرسێكی ئەمنی هەبێت وەك ئەوەی هەردوولامان لەسەری رێككەوتووین دەبێ لەو لیژنەیەدا باسبكرێت و، بەپێی پەیوەندی و شێوازی كاركردنی دۆستانە و لەمێژینەشمان بەهیچ شێوەیەك گونجاو نییە لە رێگەی راگەیاندنەوە قسە لەگەڵ یەكتر بكەین .



حكوومەتی هەرێمی كوردستان
8 – 11 - 2016










باسنیوز
Top