کوڕ و کچە دەرچووەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران دادەمەزرێن

 کوڕ و کچە دەرچووەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران دادەمەزرێن
بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران رای دەگەیەنێ، کە بە ھاوکاریی لایەنێک توانیویانە دەیان کچ و کوڕی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکانن، بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێنن و چەندین ناوی دیکەشیان لەبەردەستدایە و لە ئایندەیەکی نزیک ئەوانیش دادەمەزرێندرێن.

ئەشقی مەلا شێرۆکی، بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران رایگەیاند، سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ھەرسێ قەزاکانی سۆران، رواندز، چۆمان لەخۆ دەگرێت، ژمارەی سەرجەم شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی دەڤەرەکە زیاتر لە (٥) ھەزار شەھید دەبێت، ھەروەھا لە شەڕی داعش لە دەڤەری سۆران، زیاتر لە ١٢٦ پێشمەرگە شەھید بوونە و بەردەوامیش ژمارەی شەھیدانمان لە زیادبووندایە، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ٤٠ ھەزار پێشمەرگەی دەڤەرەکە لە بەرەکانی جەنگی بەرگریدان، بۆ پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.

بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران ئاماژەشی بەوە دا، چەندین جار ھاوکاری و خۆراک و پێداویستیمان بەسەر کەسوکاری شەھیداندا دابەش کردوون، لە کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیشدا، جەنتا و پێداویستیی قوتابخانەمان بەسەر منداڵەکانی شەھیدانی سۆراندا دابەش کرد، ھەروەھا تائێستاش بەردەوامین لە دابینکردنی پێداویستیی قوتابخانە.

شێرۆکی گوتیشی: "لە ھەمووی گرنگتر ئەمساڵ پڕۆژەیەکمان لەبەردەستدایە بە دامەزراندنی سەرجەم کچ و کوڕانی شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی سۆران، لە کۆلیژ و پەیمانگا و باخچەی ساوایان و قوتابخانە ئەھلییەکان، وەک مامۆستا و کارمەند، واتە ئەوانەی دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکانن، ھەروەھا بەشێک لە دەرچووانی ئامادەیی، خۆشبەختانە توانیمان ٩٦ کەس لەوانە دابمەزرێنین، کە ناوی چەند کوڕ و کچێکی پێشمەرگەشیان لەنێواندا ھەبووە، ھەروەھا لیستێکی دیکەشمان لەبەردەستدایە، بڕیار وایە زیاتر لە ٥٠ کەسی دیکە وەک گرێبەستی ئەھلی و ھەمیشەیی لە بواری تەندروستیدا دابمەزرێنین و ئینشائەڵا ناوی ئەوانەش لە ئایندەیەکی نزیک دادەمەزرێنین، بەمەش سەرجەم کوڕ و کچانی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان، ئەوانەی دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکانن دادەمەزرێن و لە بێکاری رزگاریان دەبێت.

بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، رای دەگەیەنێت: ئێستا سەرقاڵی پڕکردنەوەی فۆڕمی شەھیدان و ئەنفالکراوەکانین، ئەو فۆڕمە چەندین زانیاری لەخۆ دەگرێت و پێویستە وارسی شەھید لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە ئامادە بێت و لە کاتی دابەشکردنی مووچەی شەھیدانیش دەبێت سەرجەم ئەو فۆڕمانە رادەستی بانکەکان بکەنەوە.














باسنيوز
Top