ناوەندی بڕیاری یەکێتی: رای باڵی دەستڕۆیشتوو لە ئێران رای ئێمە نییە

 ناوەندی بڕیاری یەکێتی: رای باڵی دەستڕۆیشتوو لە ئێران رای ئێمە نییە
شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی رەتی دەکاتەوە لەگەڵ باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بڕیاری ئەوەیان دابێت سەرکردایەتییەکی ھاوبەش پێکبھێنن، دوا بڕیاری ناوەندی بڕیاری یەکێتیش لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان و رێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ پارتی ئاشکرا دەکا.



شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، رەتی کردەوە بڕیاری ئەوەیان دابێت سەرکردایەتییەکی ھاوبەش لەگەڵ باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی پێکبھێنن، گوتیشی: "نەمبیستووە بە ھیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەی کاک کۆسرەت و سەرکردەکانی باڵی دەستڕۆیشتوودا، باسی پێکھێنانی سەرکردایەتییەکی ھاوبەش کرابێت".



ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان وەکو ناوەندی بڕیاری یەکێتی، پێکھێنانی سەرکردایەتیی ھاوبەش بە باش نابینن، چونکە لە ئێستا یەکێتی سەرکردایەتیی خۆی ھەیە، گوتیشی: "ئەگەرچی بە ئەنقەست ئەو قسەی ئێمە بەکار دەھێنرێ کاتێک دەڵین ئەو سەرکردایەتییە شەرعییەتی نییە، بەڵام لە راستیدا لە کۆنگرەی ٣ بڕیاری ئەوەمان داوە ئەگەر یەکێتی لە کاتی خۆی کۆنگرە نەبەستێ ئەو سەرکردایەتییەی کە ئێستا ھەیە شەرعیەتی نامێنێ، بەڵام ئێمە بە ناچاری پلینیۆممان بەست بۆ درێژکردنەوەی وادەی ئەو سەرکردایەتییە، ئێستا وادەی پلینیۆمیش نەماوە، واتا ھەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی تا کۆنگرەی داھاتوو شەرعیەتییان نەماوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو ئۆرگانانە کار ناکەن".



راشی گەیاند، ئۆرگانەکانی یەکێتی، لە سکرتێری گشتی و جێگرەکانی، تا دەگات بە کۆمیتەکان کە ھەڵبژاردنیان تیا دەکرێ، دەگرێتەوە، گوتی: "ئێستا ئەو ئۆرگانانە کاربەڕێکەرن وەکو حکوومەتێک کە دەستی لە کار کێشابێتەوە تا حکوومەتی دیکە دەتوانێ کار بەڕێ بکات".



عەسکەری، لەبارەی کۆنگرەشەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئێستا ھیچ شتێک بە ناوی ئەنجامدانی کۆنگرە نییە، گوتی: "تا رێککەوتن نەکەین ئەوە نە ئێمە و نە ئەوان رازی نین بە ئەنجامدانی کۆنگرە".



لەبارەی سەفەری باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بۆ ئێران، وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھەرچی باڵی دەستڕۆیشوو گوتوویانە و گوتراوە لەو سەفەرە شمولی باڵی ناوەندی بڕیار ناکات، گوتیشی: "ھەرچی ئەوان باسیان کردبێت لەو وڵاتە کەیفی خۆیانە، تا نەبینەوە بە یەک دەنگ و یەک مەکتەبی سیاسیمان نەبێت و بەو دوو شێوەی ئێستا بڕوات، نە قسەی ئەوان تەعبیر لە رای ئێمە و نە رای ئێمە تەعبیر لە بۆچوونی ئەوان ناکات".



عەسکەری، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوان حەز دەکەن کێشەکانیان لە ماڵەکەی خۆیان چارەسەر بکەن، گوتی: "چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان و گۆڕان و ئیسلامییەکان و دۆستەکانیان لە عێراق و ئەمەریکا، ئێرانیش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە داوای کردووە چارەسەریی کێشەکانمان بکەین، بەڵام لە راستیدا ئێمە ھێشتا پێکنەھاتووین".



لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان رای گەیاند، ئەوان وەکو ناوەندی بڕیار زۆریان پێ خراپە ئەو جۆرە دووفاقییە لە رێککەوتنەکەدا ھەبێت، بە شێوەیەک ماوەیەک رێک بکەون و ماوەیەک رێک نەکەون، گوتی: "ئێمە بەرپرس نین لەو کێشانەی لەم دواییە لەنێوان یەکێتی و گۆڕان روویان داوە".



جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، بە بڕوای ئەوان ئەو رێککەوتنە ھەنگاوی بۆ نەنراوە و ھەر لە دانانی پارێزگارەوە کێشەی بۆ دروست بووە، گوتی: "بە قەناعەتی ئێمە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەنێوان ئەو دووانە نەگەیووە، یاخود یەکیان بە فێڵ بووە لە ئەوەی دیکە".



لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ پارتی، شاڵاو عەلی عەسکەری رای گەیاند، لەگەڵ ئەوەدان بەھۆی ئەو دۆخە ھەستیارەی کە ھەیە، ھەموو حزبەکان بە یەکەوە دابنیشن و رێک بکەون بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا بەیەکەوە دەربچین.






باسنيوز
Top