کوردستانی ڕۆژهەڵات.. دوو بەندکراوی دیکە لەسێدارە دران
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) سەرلەبەیانیی دوێنێ دووشەممە 2016 -11- 7 سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنە بەڕێوە چوو.
بەپێی هەمان سەرچاوە ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی محەممەدڕەسووڵ حەیدەری، خەڵکی قوروە و بابەک حەسەن زادە، خەڵکی سەردەشت ڕاگەیەندراوە.
محەممەدرەسووڵ بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" و بابەک بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرابوو و ماوەی ٤ ساڵە لە بەندیخانەی هەمەدان ڕاگیرابوون و 20 ڕۆژ بەرلە ئێستا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ بەندیخانەی شاری قوروە گوێزرابوونەوە.
پێشتر و بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە 14 بەندکراوی بەندیخانەی قوروە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان لە ئارا دایە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەرەوە سزای سێدارەی 8 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی سەڵماس، ئورمیە ، قوروە و مەهاباد بەڕێوە چووە.
باسنيوز
