چاودێریی ورد دەخرێتە سەر ئەندامانی ناوەندی بڕیار

 چاودێریی ورد دەخرێتە سەر ئەندامانی ناوەندی بڕیار
چاودێریی ورد دەخرێتە سەر ئەندامانی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە قسەی ئەندامانی ناوەندی بڕیار، ئامانج لەو چاودێریکردنە، بچووککردنەوەی ئەو ئاراستەیەیە و نایانەوێت گەشە بکات.



بەپێی زانیارییەکان، باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، چاودێرییەکی وردیان لەسەر ناوەندی بڕیاری یەکێتی داناوە، بە تایبەت لە جۆری پەیوەندی و چاوپێکەوتن و جووڵەی سیاسی و کاری سیاسی و لێدوانی ڕۆژنامەنووسی و کاروبارەکانی حکوومەت کە نزیکن لە ناوەندی بڕیارەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەزاری سەرکردەکانیانەوە ئاماژە بە هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی دەکەن، بەشێکی زۆری ناوەندی بڕیاری یەکێتی خۆیان لە لێدوان و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەنووسی لادەدەن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، خۆیان لە فشاری باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی دەپارێزن.

هەر بەپێی زانیارییەکان کە لە نێو یەکێتییەوە دەستی کەوتووە، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ئاگاداری چەند ئەندامێکی ناوەندی بڕیاریان کردووە کە ئەگەر لەسەر لێدوانی میدیایی بەردەوام بن، ئەوا سڕیان دەکەن و بەشێکیشیان کاری مەڵبەندەکانیان ھەڵپەساردووە.



لەمبارەیەوە یەکێک لە کادیرانی پێشکەوتووی ناوەندی بڕیار کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاند: دوای ئاشکراکردنی ناوەندی بڕیار، بە زۆر شێوە فشارمان لەسەر دروست کراوە، بەشێکیان لە ڕێگای حزبەوە و بەشێکیان لە ڕێگای کەسانی جیاوازەوە، بە جۆرێک ئەو چاودێریکردنەی سەر ناوەندی بڕیار، کاریگەریی خراپ دروست دەکات بۆ ئەوەی متمانە بە یەکێتی نەمێنێت“.



لە لایەن خۆیەوە، شاڵاو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ھەموو شتێک چاوەڕوان کراوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بەڵی ئاگادارین کە چاودێریمان لەسەرە لەناو یەکێتی، بەڵام نازانین جۆری ئەو چاودێرییە چییە و چۆنە؟".

راگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە وەک دامەزراوەیەک، چاودێری لەسەر سەرجەم چالاکییەکانی ناوەندی بڕیار دەکات، بە تایبەت لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و چاوپێکەوتنەکاندا کە دەبێت بەچەند فلتەرێکەوە بڕوات. لەمبارەیەشەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ڕاگەیاند: ”ھەردوو ئاراستەکەی ناو یەکێتی، خەریکە بەرەو نزیک بوونەوە دەڕۆن و ھەوڵێکی جددی بۆ چارەسەری کێشەکان هەیە“.

ئەسەسەرد دەڵێت: "بابەتی چاودێری نەمان زانیوە ھەبێت، چونکە لەناو یەکێتی تاڕادەیەکی زۆر ئازادی لە گوتار و بیروبۆچوونی سیاسی ھەیە، کاتێک حزبێک بەو شێوە ئازادانە بیر بکاتەوە، ئیتر شتێک بۆ چاودێری کردن نامێنێتەوە".

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، ئاگاداری یەکتریان کردووەتەوە لەوەی کە چاودێریی وردیان لەسەر دانراوە، بۆیە بەشێکیان چالاکیی خۆیان لە پێگەکانی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)ەوە بۆ چەند پێگەیەکی دیکە بەناوی جۆراوجۆر گواستووەتەوە و بەشێکیشیان لە ئەکاونتی فەیسبووک و پەیجەکانی خۆیاندا، خۆیان لە ھەندێک گرفتی ناخۆی یەکێتی لاداوە، ئەوەش بەھۆی ئەو چاودێرییە توندەی لەسەریانە.



ئەمە لە کاتێک دایە کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی بکرێت و گفتوگۆ لەبارەی ئەو چاودێرییەی سەر لایەنگرانی ناوەندی بڕیار بکرێت.







باسنيوز
Top