هێمن هەورامى: پارتی لە هەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەماندایە

 هێمن هەورامى: پارتی لە هەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەماندایە
هەورامى لە دانیشتنێکدا لەگەڵ شاندێکى پەرلەمانتارانى بەریتانیا، ڕایگەیاند ڕاستە لە کوردستاندا ناکۆکیى سیاسى هەیە، بەڵام وەنەەبێ بارودۆخ ئاڵۆز و ناسەقامگیر بێت، بەڵکو تێنەگەیشتنى هەندێک لایەنى سیاسییە لە چەمکى دیموکراسییەت و، پارتى لە هەوڵى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستاندایە.



ئەمڕۆ لە پیرمام هێمن هەورامى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پ.د.ک، پێشوازیی لە شاندێکى پەرلەمانتارى بەریتانیا کرد؛ شاندەکە (جاک لۆپرێستى) سەرۆکایەتى دەکرد و بە ئەندامەیەتى هەریەکە لە (رۆزەیلى وینتەرتن و گراهام جۆنس) لە پارتى کرێکاران و (ترەیسى برابین).



هەورامى تیشکى خستەسەر ڕەوشى سیاسى و سەربازى ناوچەکە و کوردستانى و بۆ شاندى میوانی شی کردەوە، هەرێمى کوردستان قوربانییەکی زۆری داوە لە پێناو ئازادییەکانى مرۆڤایەتىدا، بەڵام ئەوەى کە جێگاى سەرنجە بەپێى قوربانییەکانى پشتگیرى و هاوکارى پێویست نەکراوە، بۆیە داواى پێداویستى زیاترى سەربازى دەکەین بۆ سڕینەوەى داعش و بنبڕکردنى بیرى توندڕەوى.



هەورامى ئەوەشى وت، لەکاتێکدا داواى پاڵپشتى ڕۆژئاوا دەکەین کە کوردستان درگاى ئاوەڵایە بۆ هەموو پێکهاتە ئایینى و ئیتنییەکان و دەتوانن لە کوردستان پارێزگارى لە خۆیان بکەن.



بەشێکى دیکەى دانیشتنەکە قسە کردن بوو لەسەر ڕەوشى نێوخۆى هەرێمى کوردستان، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى، ئاماژەى بەوە کرد، ڕاستە لە کوردستان ناکۆکیى سیاسى هەیە، بەڵام ئەمە بە ماناى ئاڵۆزى باردودۆخ و ناسەقامگیرى نایەت لە هەرێمى کوردستاندا. بەڵکو تێنەگەیشتنى هەندێک لایەنە لە چەمکى دیموکراسیەت، چونکە چەندین ساڵە پارتى حوکمى کوردستانى بە دەستەوەیە، هەر ئەمەشە وای کردووە کە ئەم فەزا دیموکراسییە بخولقێت. وا ئێستایش پارتى لە هەوڵى کاراکردنەوەى پەرلەمانە. بەڵام ئەوەى کە ئەم پڕۆسەیەى هێواش کردۆتەوە، پرسى تیرۆر و لەناوبردنى داعشە.



شاندى میوان لەلایەن خۆیانەوە بە سەرسامییەوە باسیان لە قارەمانەتیی هێزى پێشمەرگەى کوردستان کرد و سوپاسى هێزى پێشمەرگەیان کرد؛ ئەوەشیان ڕاگەیاند کە گەڕانەوە وڵاتى خۆیان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە پشتگیر و هاوکارى زیاترى هەرێمى کوردستان بکرێت، چونکە ئەوەیان بۆ ڕوون بۆوەتەوە کە گەلى کوردستان گەلێکى دڵفراوان و خاوەن بەهایە لەکاتى تەنگانەشدا ئامێزى لێقەوماوان.



هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە ئازادیی مووسڵ بەماناى کۆتایى داعش نییە، بۆیە هەوڵ دەدەین وڵاتەکەمان بەرنامەیەک بۆ دواى ئازادکردنى مووسڵ دابنێت بە هەماهەنگیی سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانى ناوچەکە.
Pdk-
Top