سیدەکان.. ھاووڵاتیان 10 ساڵە چاوەڕێی زەوین
کرمانج عیزەت، قایمقامی شاری سۆران، ڕایگەیاند: "بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، لەساڵی 2006 لیستێکمان بەرزکردووە کە ناوی زیاتر لە 6 سەد کەسی تێدابوو، تایبەت بەو ھاووڵاتییانە و فەرمانبەرانەی لە شارەدێی سیدەکان کە کرێچین، یاخود لە نێو بینای حکوومیدان، بڕیاریش وابوو پارچەیەک زەویان پێ بدرێت، دواتر بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگا و شارەوانییەکانی ھەولێر و لایەنی پەیوەندیداری دەڤەری سۆران، لە سەرۆکایەتی شارەوانی سیدەکان، ژمارەی زەوییەکانیان بە سەر ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستی وەرگرتنی زەویدا ھەبوو، دابەش کرد و بڕیار بوو یەکە و پارچە زەوییەکیان پێبدرێت".
قایمقامی سۆران، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ھۆکاری پێنەدانی زەوی بەو کەسانەی کە ژمارەکانیان پێدرابوو، نەبوونی زەوییە لە سیدەکان، بەڵکو ئەوەی ھەیە ھەمووی زەوی کشتوکاڵی خەڵکە و ھی باب و باپیریانە و لە کۆندا بۆیان ماوەتەوە، خاوەنەکانیش ڕازی نەبوون تا زەوییەکانیان دابەش بکرێت، بەمەش کێشەکە ئاڵۆزتر دەبوو، بۆیە تائێستا ئەو کەسانەی کە ژمارەکانیان پێدراوە، نەتوانراوە سوودمەند بن".
باسنیوز
