چالاکوانێکی ژینگەپارێزی کورد پەیامی میهرەبانیی تۆمار کرد
بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو شەریف باجوەر، چالاکی ناسراوی ژینگەپارێزی بە پێوانی ڕێگای250 کیلۆمەتری گەیشتە شاری سەلاسی باوەجانی.
شەریف باجوەر ئەو ڕێپێوانەی لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بە مەبەستی "ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ئازاردانی ئاژەڵەکان" ئەنجام دا.
چالاکوانانی ژینگەپارێزی لە مەودای 10 کیلۆمەتریی شاری سەلاسی باوەجانی بە دروشمی "بە مێهربانی، ژیان بەسەر بەرین"، پێشوازییان لە شەریف باجوەر کرد و لەلایەن ئەنجومەنی پشتیوانانی "ژینگە"ی ئەو شارەوە لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش بەو چالاکە ژینگەپارێزە کرد.
شەریف باجوەر لە ڕێگای نێوان مەریوان_سەلاسی باوەجانی، لە نزیکەی گوندی "دزڵی" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کرابوو.
ئەو ئەندامە ناسراوەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کاتی ڕێپێوانەکەیدا، هاوکات لەگەڵ ئاوسان و بلۆقکردنی دەست و لاقی، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.
هۆکاری سەرەکیی ئەو هەوڵەی شەریف باجوەر پاش ئەوە هاتووە کە ماوەیەک پێش لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەلاسی باوەجانی دێڵە سەگێک کە دایکی چەند تووتک بووە، بەهۆی خوراردنی مریشکێکەوە دەکوژرێت، و ئەم کردەوەش کاردانەوەی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە.
ئازاردانی ئاژەڵەکان جۆرێک لە "تاوانکاری" کۆمەڵایەتی بە ئەژماردێت، بەڵام هەتا ئێستا وەکوو تاوانێک دژی ئاژەڵان چاوی لێ نەکراوە.
باسنيوز
