"کورد، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هەڵکەوتووە"

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد دەڵێ، ڕاستە بەغدا کوردی پشتگوێ خستووە، بەڵام ئەوە دەرفەتێکی زێڕینە و، دەشێ بیقۆزینەوە و، سەربەخۆییەکە ڕابگەیێنین.



(نازم ھەرکی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەغدا، کوردی پشتگوێ خستووە، بەڵام باشترین دەرفەتە بۆ ھەرێمی کوردستان، تا سەربەخۆیی ڕابگەیێنێت و، بەغدا لە کۆڵ خۆی بکاتەوە؛ جا با ئەو هەلە زێڕینە لەکیس نەدەین."



ئەو دەڵێ خۆی هەر ئەو کاتەی مووچەی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، دەبا جیا بووباینەوە، بەڵام ئێستایش کەشەکە زۆر لەبارە و، هیچ درەنگ نییە؛ دەشێ سەربەخۆییەکە ڕابگەیێنین و، لەوە زیاتر ماتەڵی نەکەین.



ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، بەپێی یاسا و دەستوور ناکرێت بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ببڕدرێت، جا مادامەکینێ ئەوان باوەڕیان بەو دەستوورەی خۆیشیان نییە، دەشێ بیکەینە هەلی جودایی؛ وا ئەمڕۆیش سەرۆکوەزیران لە کابینەی نوێیەکەیدا کوردی پشتگوێ خستووە و، ھیچ حیسابێکی بۆ کورد نەکردووە؛ بە ئارەزووی خۆی کاندیدی دیاری کردووە! جا ئەمە بەڵگەیەکی بەھێزە بۆ کورد تا سەربەخۆییەکە ڕابگەیێنێت.

دەیشڵێ ئەگەریش جارێ جیا نابینەوە، وا باشترە ببینە بەرهەڵستکار (ئۆپۆزسیۆن)ـێکی بەهێز نەک بەشداریکەرێکی لاواز و بێدەسەڵات.

(ھەرکی) ڕاشیگەیاند، بەغدا نە ئەوسا باوەڕی بە شەریکایەتی هەبوو، نە ئێستا؛ کەوابێ ئێمە بۆ دەبێ ملیان بۆ دابدەین؟

Top