لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقدا ناوهێنانی توركمان وەك كوفر وابوو، لە دەستووری كوردستاندا وەك نەتەوە مافەكانی دیاریكراوە

لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقدا ناوهێنانی توركمان وەك كوفر وابوو، لە دەستووری كوردستاندا وەك نەتەوە مافەكانی دیاریكراوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان كەرخی ئاڵتی بەرماخ نوێنەری توركمان لە پڕۆژەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا بۆ گوتى: نەبوونی دەستوورێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات، بۆیە نەك هەر كاتی ئەوە هاتووە كوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بێت، بەڵكو كاتەكەشی درەنگ بووە و دەبوو زۆر زووتر راپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوورەكە بكرایە و ئێستا ئەم دەستوورە كاری پێبكرایە، بۆیە لەم راستەوە گرنگە لە بایەخ و گرنگی دەستوور تێبگەین، لەبەر ئەوەی دەستوور گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییە لە نێوان دەسەڵات و خەڵك و لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەدا پەیوەندی نێوان خەڵك و دامەزراوە شەرعییەكانی وڵات رێكدەخرێت، هەربۆیە ئەگەر دەستوورمان نەبوو، واتە ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییەمان نییە، راستە ئێستا حكومەت و دامەزراوە شەرعییەكان لە چوارچێوەی ئەو یاسایانە كاردەكەن كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردوون، بەڵام بەشێك لەو یاسایانە یاسای كۆنی سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقن، لە رووی سیاسیشەوە ئێستا هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی فیدڕاڵی لەگەڵ عێراق دەخولێتەوە، بەڵام ئەگەر دەستوورمان هەبوایە دەمانتوانی لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە هەنگاوی زیاتر بۆ ئایندە هەڵبگرین، هەر بۆ نموونە هەنگاومان هەڵدەگرت بۆ كۆنفیدڕاڵی، یان راپرسی و سەربەخۆیی كوردستان.


كەرخی ئاڵتى هەروەها گوتی: دەستوور نە بۆ نەتەوەیەكە نە بۆ حزبێكی سیاسییە لە كوردستان، دەستوور بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەكان و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بۆیە پرسی دەستوور نە دەكرێت موزایەداتی سیاسی لەسەر بكرێت، نە دەكرێت سازشیشی لەسەر بكرێت، بەداخەوە لەم ماوەیە جارێكی دیكە لە میدیاكانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین پرسی دەستوور هەندێك مەسەلەی لەگەڵ تێكەڵ دەكرێت، یان پێوەی گرێدەدرێتەوە كە بە راستی شیاو نییە و لە جێگەی خۆیدا نییە، بۆیە لەم قۆناخە گرنگە هەموو لایەكمان بە جیاوازی ئایین و نەتەوە و بیر و بۆچوونی سیاسیمان، بەرژوەندی حزبی خۆمان وەلا بنێین و بیر لە بەرژەوەندی باڵای كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە هەستیار و ناسك و مەترسیدارە تێپەڕێنین، ئەگەر نەتوانین ئەم هەنگاوە هەڵبگرێن، ئەوە ناشتوانین چاوەڕێی ئایندەیەكی گەش بكەین.


شايانى باسه ئاڵتی بەرماخ گوتی: توركمان نەتەوەیەكە لە دێرزمانەوە هاوشێوەی پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بە ئاشتی لەگەڵ كورد لەسەر ئەم خاكە ژیاوە، هەربۆیە ئەم دەستوورە بۆ كورد و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیشە، بۆ هەموومان گرنگە دەستوورێكمان هەبێت و لەناو ئەم دەستوورەدا كیانی نەتەوەییمان پارێزراو بێت. ئەگەر لە روانگەی توركمانەوە سەیری بایەخی ئەم دەستوورەی كوردستان بكەین، دیارە لە سەردەمی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقدا لە هیچ دیكۆمێنتێكدا ناوی توركمان بوونی نەبووە، بەڵام ئێستا لەم دەستوورەی كوردستاندا توركمان وەك نەتەوە بوونی بەرجەستە كراوە، بۆیە ئێمە وەك نەتەوەی توركمان ئەم دەستوورە بە گرنگ دەزانین و هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە كار بۆ ئەوەی ئەم دستوورە بخرێتە دەنگدان و گەلی كوردستان پەسەندی بكات و كاری پێبكرێت.


لە كۆتایی قسەكانیدا بەرماخ گوتی: ئەم دوو پرسە نابێت بۆ بەرژەوەندی و موزایەداتی حزبی تێكەڵی یەكتری بكرێن، مەسەلەی دەستوور پرسێكە و رێوشوێنی یاسایی خۆی هەیە، مەسەلەی هەڵبژاردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش یاسای خۆی هەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێمە تائێستا دەستوورەكەمان نەخراوەتە راپرسی و پەسەند نەكراوە، گرنگە جەخت لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكەین، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی چ بەڕێزێك ئەو پۆستە بەرێوە دەبات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە لە نەبوونی دەستوور دروست دەبێت، بۆیە گرێدانی ئەو دوو پرسە پێكەوە شتێكی راست نییە و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی دیموكراتی لە كوردستان دروست دەكات، سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، ئێمە وەك توركمان بە گشتی و بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان قسەی خۆمان هەیە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1021)
Top