سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەكات
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ئەو پەرۆشییەی كە بۆ بارودۆخی ڕۆژئاوا هەیەتی و هەوڵی سەرۆك بارزانیان بۆ ڕێكخستنەوەی گوتاری كورد و یارمەتیدانی دۆزی كورد لەم بەشەی كوردستاندا بەرز نرخاند.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆریستان و ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و تەمومژاوییەی لە سووریادا هەیە، جەختی لە پاراستنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە لایەنەكان بە تەبایی و برایەتی لە تەك یەكتردا كار بۆ بەهێزتركردنی دۆزی كورد بكەن و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان لەبەرچاو بگرن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان و مەترسیی گۆڕانی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكانی ڕۆژئاوای كوردستان خرایە بەر باس و ئەوەیش باس كرا كە هەڕەشەكانی تیرۆریستان و بوونی ناكۆكیی لە نێوان لایەنە كوردییەكان هەبوون مانەوەی كورد لە ڕۆژئاوا دەخاتە ژێر مەترسیییەكی گەورە.
KRP
