پەروەردەی دهۆک: قوتابخانەکانی چیای شنگال نایاسایین

پەروەردەی دهۆک: قوتابخانەکانی چیای شنگال نایاسایین

پەروەردەی گشتیی دهۆک کردنەوەی هەر جۆرە قوتابخانەیەک لە چیای شنگال، لە دەرەوەی رێنماییەکانی ئەواندا رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێ:" ئێمە بە هیچ شێوەیەک دان بەو قوتابخانانەدا نانێین کە لەلایەن لایەنێکی سیاسی دروستدەکرێن".

ئەمڕۆ سێشەممە 7 ی نیسانی 2015 لە شاری دهۆک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا عەبد یوسف، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک رایگەیاند:" هیچ کەسێک جگە لەوان مافی ئەوەی نییە لە چیای شنگال قوتابخانە بکاتەوە، ئەو کەسانەی بەو کارە ‌هەستاون سەر بە لایەنێکی سیاسی دیارن و بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکاریدەهێنن، نەک بۆ خزمەتکردنی قوتابییانی ناوچەکە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک کردنەوەی هەر قوتابخانەک لە دەروەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی باشووری کوردستان رەتدەکەینەوە".

عەبد یوسف ئاماژەی بەوەش کرد کە لەلایەن بەڕێوەبەراتییەکەیانەوە لیژنەک پێکهێنراوە و سەردانی چیای شنگالیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە شەش قوتابخانە لە دەرەوەی رێنماییەکانی ئەوان لە چیای شنگال کراونەتەوە، قوتابخانەکانیش هیچ بنەمایەكی یاسایی و زانستییان تێدا نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک گوتیشی:" بەو پێیەی ئەو دەڤەرە سەر بە هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆکە، هەر قوتابخانەیەک لەو شوێنانە بکرێتەوە، دەبێت سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆک بێت".

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوان ئامادەن لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی داعش دەرهێنراون قوتابخانەیان بۆ دروستبکەن، بەڵام ئەمەش بەپێی رێنمایی و پێویستی قوتابییەکان دەبێت.
Top