سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە
لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا و ستاییشی قوربانیدان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش كرا لە پاراستنی كوردستان و شكستدانی تیرۆریستان. هەروەها قسەیش لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و سەركەوتنی هێزە عێراقییەكان لە تكریت كرا.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا پرسی دەستوور و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بەو تەحەدیانەی لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە لە هەموو دۆخێكدا یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان بپارێزرێت. كۆبوونەوەكە ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لەڕێی كۆدەنگیی نیشتیمانی و ڕەچاوكردنی بنەماكانی یاسا و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بێت.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ڕاشیاگەیاند كە لە هەوڵی بەردەوامدابن بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی نیشتیمانی و بۆ ئەم مەبەستە لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.
