سێ ناوچەی کۆبانێ دەبنە مۆزەخانە
گفتوگۆکانی نێو کۆبوونەوەکە چڕن، دەیانەوێ بگەنە بڕیارێک کە هەموویان لەسەری کۆکبن، دواجار لەسەر داوای خەڵکی کۆبانێ بڕیاردرا سێ ناوچەی ئەو شارە وەک مۆزەخانە بهێڵرێنەوە و دەستیش بە نۆژەنکردنەوەی ناوچەکانی دیکە بکرێت.
مستەفا حەنیفی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا ENKS یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناوچەی یەکەم مەیدانی ئێکسپرێس، ناوەندی کولتوور و هونەر و ناوچەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە.
ناوچەی دووەم: بارەگای ناوەندی هێزەکانی ئاساییش، بینای دادگای خەڵک و ئەنجوومەنی یاسادانان و دامەزراوەکانی دەوروبەری و کۆڵانی شارەوانی و قوتابخانەی ئەلخەنسای و پارکەکەی نزیکی لەخۆدەگرێت.
ناوچەی سێیەم: بازاڕی سەوزەفرۆشی و بەشی رۆژئاوارەکەی و تاوەکو دەگاتە مزگەوتی حاج رەشید پێکدەهێنێ.
حەنیفی، بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆبانێ جەختی لەسەر پێویستی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان کورد کردەوە و گوتی: "ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکە دراون، لە کۆنفرانسی 2-3 ی نیسان کە لە ئامەد بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت یەکلاییدەکرێنەوە.
ئیبراهیم کوردۆ، وەزیری دەرەوەی کانتۆنی کۆبانێ، بە رووداوی گوت: "هەموو لایەنەکان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون کە بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆبانێ سازکرا".
هەروەها کوردۆ لەبارەی چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی دەکرێنە مۆزەخانە گوتی: "لەبارەی شوێنی مۆزەخانەکە بۆچوونی جیاواز هەبوون، بەڵام دواجار بڕیار لەسەر ئەوە درا کە سێ ناوچەی کۆبانێ بکرێتە مۆزەخانە".
چەکدارانی داعش لە 15/09/2014 هێرشیان کردە سەر کۆبانێ و جگە لەداگیرکردنی گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە کوردییە، بەشێک لە کۆبانێشیان بۆ ماوەی 4 مانگ داگیرکرد، بەڵام دواتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هانای یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ چوون و بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان توانیان لە 26 ی کانوونی دووەمی 2015 داعش بەتەواوی لە کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری وەدەربنێن.
رووداو
