وەزیری ڕۆشنبیری: لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا وەزیر هەیە دژی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدایە

 وەزیری ڕۆشنبیری: لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا وەزیر هەیە دژی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدایە
وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق ئاماژە دەدات، (عەبادی) دووپاتی كردووەتەوە كە پابەند دەبێت بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداوە و ڕێككەوتنەكەیش قۆناخی باشی بڕیوە، بەڵام هێشتا وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە.

وەزیری ڕۆشنبیریی حكوومەتی عێراق و ئەندامی شاندی باڵای كوردی لە بەغدا (فریاد ڕەواندزی) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هێشتا ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەوەیش یەكەمیان لەبەر كەمیی ئەو پارەیەیە كە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت دەست عێراق دەكەوێت، هەروەها دەبێت گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكرێت، بەڵام وەك هەنگاوی یەكەم دەكرێت نیازپاكیی هەردوولا دەربخرێت بە ناردنی بڕەپارەی جیاواز لەلایەن بەغداوە تا گرفتەكان چارە بكرێن.

گوتیشی: "گەڕانەوە بۆ سیاسەتی پێشوو لەلایەن حكوومەتی ئێستای عێراقەوە دووبارە نابێتەوە، (عەبادی)ـیش رایگەیاندووە، بە ڕێككەوتنی نێوان هەردوولاوە پابەند دەبێت و حكوومەتی هەرێمیش پابەندبوونی خۆی لەو بارەیەوە نیشان داوە، بۆیە ئەمە هەنگاوێكی باشە و ئاماژەیەكی ئەرێنییە، بەڵام قەیرانی دارایی و دراو، قەیرانێكی خراپی ئێستای ڕێككەوتنەكەیە، هۆكارەكەیشی بۆ كەمیی هەناردەی نەوت و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا دەگەڕێتەوە".

(ڕەواندزی) ئاماژەیشی دا: "بەداخەوە نەك ئەندامانی پەرلەمان لە دەوڵەتی یاسا، بگرە هەندێك لە وەزیرەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێبینی و بۆچوونی جیایان هەیە كە ئەو بۆچوونانە لەگەڵ بۆچوونی ئێمە و (عەبادی)ـیشدا یەك ناگرنەوە، چونكە سەرۆكوەزیران زۆر جار پابەندبوونی نیشان داوە، بەڵام بەشێوەی نهێنی لەژێر پەردە لەناو ئەنجوومەنی وەزیران شتێك لە دژی ڕێككەوتنەكە كرابێت، ئێمە ئاگادار نین، بەڵام هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی كە نابێت مووچەی خەڵك بكرێتە كارتی سیاسی."
Top