گەندەڵیی گەورەی حەشدی شەعبی ئاشكرا بوو
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەبارەت بە وردەكاریی خەرجكردنی پارەی حەشدی شەعبی، پرسیارم لە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كرد، ئەو گوتی كە لە 649 ملیۆن دۆلاری حەشدی شەعبی، 149 ملیۆن دۆلارم بۆ وەزارەتی بەرگری خەرج كردووە و 89 ملیۆن دۆلاریشم بۆ وەزارەتی ناوخۆ خەرج كردوە".
(شاخەوان) گوتیشی: "بە ئامادەبوونی هەموو فەرماندەكان، لە وەزیری بەرگریی عێراقم پرسی 149 ملیۆن دۆلارتان لە حەشدی شەعبی وەرگرتووە، وەزیر گوتی كە یەك دینارمان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەم پارەیە نادیارە و لە لێكۆڵینەوەداین بزانین چۆن خەرج كراوە، سەبارەت بە 89 ملیۆن دۆلارەكەی دیكەیش بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن وەرمان نەگرتووە، گوایە زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ هاوكاریی ئێزدییەكان نێردراوە، كەچی هیچ كەسێكی ئێزدی ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە، بۆیە نووسراوم بۆیان كردووە تا ڕوونكردنەوەمان بدەنێ".
بەپێی لێكدانەوەی ئەو پەرلەمانتارە، 238 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دوو ملیار دینار لە پارەی خەرجكراوی حەشدی شەعبی دیار نەماوە.
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "ئەوان دەڵێن 70 هەزار چەكدارمان هەیە، بەڵام 50 هەزار چەكدار دەبن و ئەوانی دیكە ئێرانین و پارەیش بۆ ئەوان خەرج كراوە".
