گرنگە جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ئاسایش و تایبەتمەندی و ئازادی تاك رابگیرێت
فلیپ شمیتەر هەروەها گوتی: ئێوە قسە لەگەڵ كەسێك دەكەن كە هەم باوەڕی بە سیاسەت و هەم باوەڕی بە دیموكراسی هەیە، من باوەڕم بەوە هەیە كە تەنانەت لێدوانی ئەوپەڕی ئاگرین بڵاو بكرێتەوە، بەڵام هیوادارم زۆربەی میدیاكان دیمەنی راستەوخۆی كوشتنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بڵاو نەكەنەوە، بەڵام پێدەچێت نەتوانن رێگرییان بكەین لەوەی ئەم كارە لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت بڵاو نەكەنەوە، كە ئەنجامدانی ئەم كارەش خراپترە لە رێگەپێدانی، لەبەر ئەوە دەبێت وریا بین دەرمانەكە لە دەردەكە خراپتر نەبێت. لە ئەوروپای رۆژئاوا و لە ئەمریكادا ئەو جۆرە سنووربەندییانەی هەن، تەنها سنووربەندی نین لەسەر بەرهەمهێنان، یان بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان، بەڵكو سنووربەندین لەسەر توانای حكومەت لە گەڕاندا بە دوای ئەو كەسەی گوێ بۆ زانیارییەكە دەگرێت.
شايانى باسه شمیتەر هەروەها گوتی: لە بنەڕەتدا ئەوەی ئێوە دەیڵێن ئەوەیە: ئایا ئەنتەرنێت و هۆكارەكانی دیكەی پەیوەندیكردن باشن، یان خراپن بۆ دیموكراسی؟ لێرەدا دەستەواژە سەرەكییەكە تەمومژاوییە، یاخود ئەوەیە مەسەلەكە بە هەردوولادا دەڕوات. واقیعەكە ئەوەیە زۆربەی سیستمەكانی ئەنتەرنێت لە دەستی كۆمپانیا تایبەتە سەرمایەدارییەكاندان. كەواتە مەسەلەكە ئەوە نییە بڕیار بدەین باشترین رێگەچارە چییە؟ - ئەگەر گوزارشتەكە راست بێت-، یاخود ئایا هاووڵاتیان چ مافێكیان هەیە كاتێك ئەنتەرنێت بەكار دەهێنن و ئایا مافی ئەوەیان هەیە هەندێ شت بلۆك بكەن؟ یاخود ئایا حكومەت دەتوانێت دەستێوەردان بكات؟ دەكرێت ئەمانە رووبدات و دەكرێت زۆر كاراش بێت، وەك كوبا و چین و كۆریای باكوور و ئەو حكومەتانەی دیكە كە كۆنتڕۆڵی دەستڕاگەیشتن بە ئەنتەرنێت دەكەن، یاخود سنوورداری دەكەن، كەواتە دەكرێت ئەمە رووبدات و ئەوەش راست نییە كە بكرێت ئەنتەرنێت بە هەموو شوێنێك بگات، لەم رووەوە سیاسەتی حكومەت زۆر گرنگە.
لە كۆتایی قسەكانیدا فلیپ شمیتەر گوتی: ئێوە بە شێوەیەكی دروست گوزارشتتان لێكرد، ئاشكرایە ناكرێت بە بێ جۆرێك لە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ئاسایش و ئازادیی تاك، ئاسایش بهێنرێتەدی، ئەمەش دەوەستێتە سەر سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتێكی دیاریكراو. لە ئەوروپا بەگشتی و لە ئەمریكا بەتایبەتی، نەك هەر تەنها هەستارییەكی زیاد لە ئەندازە هەیە لە بەرامبەر كێشەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆری رێكخراو هەن ئەم مافانە دەپارێزن و رێكخراوێك هەیە پێی دەگوترێت: (American Civil Liberty Union) كە ئێستا سكاڵای یاسایی بەرزكردۆتەوە دژی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) لە بەرامبەر سیخۆڕیكردنی بەسەر هاووڵاتیانی ئەمریكاوە، ئەمە هەرگیز لە ئەوروپا روو نادات، چونكە رێكخراوێكی هاوشان نییە لە ئەوروپا، كەواتە جیاوازییەكە هەر لە پارتە سیاسییەكاندا نییە، ئاشكرایە كاتێك حزبی موحافیزكار لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا تای تەرازووەكە پتر بەلای ئاسایشدا دەشكێت و كەمتر بەلای ئازادیی تاكەكەسیدا دەبێت، كاتێكیش چەپ لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا تەرازوەكە بەلاكەی دیكەدا قورستر دەبێت و ئاسایشێكی كەمتر لە ئارادا دەبێت،
بۆ خوێنندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1019)
