حەشدی شەعبی بریتیە لە 46 گرووپی میلیشیای شیعە و هەر یەكەیان ئاڵا و سەركردەی خۆی هەیە

حەشدی شەعبی بریتیە لە 46 گرووپی میلیشیای شیعە و هەر یەكەیان ئاڵا و سەركردەی خۆی هەیە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د. محەمەد تەها حەمدون وتەبێژی حەراكی شەعبی سوننە بۆ گوتى: ئەم بزاڤەی ئێمە گوزارشت لە شەقامی سوننەی عێراق دەكات لە شەش پارێزگادا، لە رووی ئایینییەوە زیاتر لە زانایەكمان هەیە، لە رووی سیاسیشەوە چەند لیستێكمان هەیە لەوانە لیستی موتەحیدون كە زۆرینەی لایەنەكان دەگرێتەوە و ئەم بزاڤەش نوێنەرایەتی سەرجەم جەماوەر و لایەنەكانی سوننە دەكات.


محەمەد تەها هەروەها گوتی: ئێمە بزاڤێكی ئاشتیخوازین و پەیوەندیمان بە چەكەوە نییە، ئێمە پەیوەندیمان باشە لەگەڵ سیاسەتوانان و زانایان و هەندێ لە سەرۆك عەشیرەتەكان، هەروەك گوتم ئاشتیخوازین و لە موسڵ و بەغداو ئەنبار و دیالە و كەركووك و سەلاحەدین، لە هەموو كاتێكدا پێمانوایە كە چەك كێشەكان چارەسەر ناكات و ئەو ململانێیەی هەیە لە نێوان ئێران و ئەمریكا و دەوڵەتانە، بۆیە بە ئاشتییانە كێشەكان چارەسەر ببن، باشترە.

شایانی باسە تەها حەمدون گوتی: من پێموایە شەڕی ئەمڕۆ عێراقی نییە، بەڵكو زیاتر ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە و تەنیا لەسەر خاكی عێراق دەكرێت، قوربانییەكانیشی هاووڵاتی عێراقین، تەنانەت بڕیادەری لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە لە ئێستادا زیاتر لە 30 هەزار چەكداری ئێرانی لە عێراقن، ئێران بوونی شەڕی داعشی قۆستەوە بۆ ئەوەی بێتە نێو عێراقەوە و هەژموون و دەسەڵاتی خۆی زیاتر لە عێراق بچەسپێنێت، ئەوەی لێرەدا زەرەرمەندە سوننە و كوردە، هەروەكو دەزانن كە سەبارەت بە ئێمە زۆربەی شەڕەكان هەر لە ناوچەكانی ئێمەدایە و هاووڵاتیان ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و بە هەزاران كەسمان لێ كوژراوە و سوننە كەوتۆتە نێو بەرداشی داعش و میلیشیاكانەوە، بۆیە بە هەردووكیان دەستدرێژیمان دەكەنەسەر و لێمان دەكوژن و دەربەدەرمان دەكەن، بێ ئەوەی هیچ یاسایەك رێگەیان لێ بگرێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا حەمدون گوتی: حەشدی شەعبی لە راستیدا ئەوانە تەنیا بە ناو پێیان دەگوترێت حەشدی شەعبی، ئەوانە 46 تاقمی میلیشیای چەكدارن و هەر یەكەیان ئاڵای خۆیان و سەركردەی خۆیان هەیە، بە واتای ئەوەی چەكدارانی عەسائبی ئەهلی حەق لەگەڵ سەرایای سەلام و هێزی بەدر جیاوازن، ئەوانە سەر بە ئێرانن، ئەگەر لە چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی لێیان بپرسن مەرجەعی ئێوە كێیە، ناڵێن (سیستانی)یە، بەڵكو دەڵێن مەرجەعی ئێمە (خامنەئی)یە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ماڵپەڕەكانیشیان وێنەی خامنەئی دەبینن، هاوكات ململانێ هەیە لە نێوان حەوزەی قوم و حەوزەی نەجەف، دوای لێدوانەكەی ئەم دواییەی رۆحانی دوای شەڕی عەلەم و دۆر، كاتێ گوتی: بەغدا پایتەختمانە و هەموو ناوچەكانیش هی ئێمەیە، بۆیە مەرجەعیەتی نەجەف وەڵامی دایەوە، بەڵام لە راستیدا دوا قسەو كردار هەر بۆ ئێرانە و قاسم سولێمانی سەركردەیە و هەموو فەرمانێكی بەدەستە. تەنانەت سەركردەكانی سوننە ئەگەر ویستیان وتووێژ بكەن دەگەڕێنەوە بۆلای ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، یان قاسم سولەیمانی.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1019)
Top