پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوت پەسەند دەكات

پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوت پەسەند دەكات
پەرلەمانتارێكی كوردستان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ دەكەنەوە و تێیدا گفتوگۆ لە بارەی دوو خاڵەوە دەكرێت، یەكێك لەوانە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوتە لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (نازم هەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سەعات ١١-ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دوو خاڵ دەكرێت، یەكەم درێژەدان بە گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوتی كە لە كۆبوونەوەی رابردوویشدا شەش ماددەی لێ پەسەند كراوە، هەروەها گفتوگۆكانیش لەبارەی متمانەدان و سوێندخواردنی وەزیرێكی نوێ بۆ كاروباری هەرێم كە لە پشكی یەكگرتووی ئیسلامییە، درێژەیان دەبێت".

(نازم هەركی) گوتیشی: "هەموو بڕگە سەرەكییەكانی پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوت پەسەند كراون و لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەیشدا پڕۆژەیاساكە بە تەواوەتی پەسەند دەكرێت".
Top