سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی هۆزی حەدیدیی پارێزگای نەینەوا دەكات
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە ناوچەكانیان لەژێر دەستی داعش ڕزگار كردووە و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەوەنانەیان كرد كە تیرۆریستانی داعش درهەق پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا و خوشك و برا ئیزیدی و مەسیحییەكان ئەنجام داوە.
شاندی هۆزی حەدیدیی نیشتەجێی پارێزگای نەینەوا و دەورووبەری ناحیەی وانكێ و سەدی موسڵ ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئامادەیی تەواویان هەیە كە شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناوچەكانیان بپارێزن و شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن و چارەنووسی خۆیان بە هەرێمی كوردستان ببەستنەوە و داوایان كرد ناوچەكانیان بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان لە تێكدان و شێواندنی باری كۆمەڵایەتی و كوشتن و بڕینی خەڵكی بێتاوان هەبووە ستاییشی مامەڵەی ڕەوشتبەرزانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكە و خەڵكی عەرەبی دەڤەرە ئازادكراوەكان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستیانی كرد و هێمای بەوەدا كە ئەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعش ئەنجامیان داوە لە هیچ شوێن و مێژوویەكدا ڕووی نەداوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان خاوەنی كولتووری پێكەوەژیان و ڕەوشتی بەرزە و هیچ جیاوازییەك لەنێوان موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و عەرەب و كورد و پێكهاتەكانی دی نییە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش هەبووبێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و هزری داعشی لا پەسەند بێت بە هیچ شێوەیەك نابێ بگەڕێتەوە ناوچە ئازاد كراوەكان.
تیرۆریستانی داعشیش هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و لەناوچوونیان تەنیا بە كاتەوە بەندە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پێویستە خەڵكی ناوچەكە لە ژیانێكی ئاسوودەدا بژیین و ڕێز لە ئیرادەی دانیشتوانی ناوچەكە بگیرێت و ئەوان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
