یەكەم زانكۆی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەڵەبجە دەكرێتەوە
(خدر كەریم) شارەوانی هەڵەبجە و خاوەنی پێشنیازەكە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، مەبەست لە كردنەوەی زانكۆی ئاشتی لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەئێستادا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵەبجە كراوەتە پایتەختی ئاشتی، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو زانكۆیەوە كەسانی ئەكادیمی لە بواری ئاشتیدا پێبگەیەنن و كار بكەن بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی كە، بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجام دراون.
گوتیشی، پێشنیازەكە ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كراوە و بە شێوەی سەرتاییش ڕەزامەندییان دەربڕیوە، بۆ كردنەوەی زانكۆیەكی لەوشێوەیە لە پایتەختی ئاشتیدا.
شارەوانی هەڵەبجە جەختی كردەوە، كردنەوەی ئەو زانكۆیە لە چەندین ڕووەوە گرینكیی خۆی دەبێت، بەتایبەت كە لەئێستادا لە هەموو جیهاندا تەنها دوو زانكۆی ئاشتی هەن، ئەگەر لە هەڵەبجەیش بكرێتەوە ئەوا دەبێتە یەكەم زانكۆی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سێیەم زانكۆی ئاشتی لە جیهان لە دوای زانكۆكانی ئاشتی لە یابان و ئیتالیادا.
