داوا دەکرێت ڕاستەوخۆ چەکوچۆڵ بدرێتە ھەرێم

داوا دەکرێت ڕاستەوخۆ چەکوچۆڵ بدرێتە ھەرێم
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بەڕێوەبەری ڕاگەیێنگەی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەگەر وڵاتانی ھاوپەیمان ڕاستەوخۆ چەکوچۆڵ بنێرن بۆ ھەرێمی کوردستان، زۆر باشترە لەوەی لە رێگەی بەغداوە ڕەوانەی بکەن، ئاخر بەغدا هەم بە منەت و درەنگەوە دەینێرێت، هەمیش لێی دەقرتێنێت.
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داواکارین ئەو چەکوچۆڵەی وڵاتانی ھاوپەیمان دەیدەنە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بدرێ پێمان، چونکە بەغدا کێشەمان بۆ دەنێتەوە؛ هەم لێی گل دەدەنەوە بۆ خۆیان، هەمیش ناردنەکەی دەخەن بە درەنگدا."
عەمید (ھەڵگورد) گوتیشی: "بەغدا لە ٢٥٠ ترۆمبێلی سەربازی، تەنیا ٢٥ دەنکیانی ناردبوو بۆ کوردستان؛ ئەو بیستوپێنجەیش، گوللەبەندەکەیان لێ کردووەتەوە، ئینجا ناردوویانە بۆمان!"
بەڕێوەبەری ڕاگەیێنگەی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، جارێکیشیان چەند دانە دۆشکەی کلیلداریان بۆمان ڕەوانە کردبوو، کەچی ١٠ دانەیان کلیلەکەیان پێوە نەبوو! ئەویش چەک‌ناردنەکەی بەغدایە! جا بۆیە داوامان کردووە ڕاستەخۆ چەکمان بۆ بنێرین نەک لە ڕێی بەغداوە؛ بەشکەم زووتر بگاتە دەستی پێشمەرگە و، بینێن بە کەڵکێکەوە.
Top