سەرۆک بارزانی بۆ پی بی ئێس: ڕۆژی سەختتر لەمەیشمان بڕیوە.. ناچین بۆ ناوچە سوننەکان و شەڕی عارەبان
سەرۆک (مەسعوود بارزانی) لە بنکەیەکی شەڕبەڕێوەبردندا لە زوممار، ڕێک لە پشت ئەو ڕیزە سەنگەرەوە وا بەریان بەرەو سووریایە، گوتی: "چەند مانگ لەمەوبەر ئا لێرە، لە جیاتی جریوەی مەلان، دەنگی فیشقەی فیشەک و، گرمەی تەقینەوە دەهات؛ پێشمەرگە، داعشیان لێ دەرکرد؛ ئێمە ڕۆژی سەختر لەمەی ئێستامان زۆر بینیوە و ئێستاش کاتەکە جیاوازە."
لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی درێژە پێشمەرگە لە زوممار و ناوچەکەدا داعشانی وەدەرناون، رێک هەواڵێکی دڵخۆشکەریش گەیشتووەتە گشت پێشمەرگەکان کە ٦٠ میل چوارگۆشە لەسنووری کەرکووکیش پێشمەرگە داعشی وەدەرناوە.
بە گوێرەی دیمانەکە و، لە ڕاپۆرتەکەیشدا هاتووە کە (سەرۆک بارزانی) ستایشی ڕۆڵی ئەمەریکا و، ئەورووپا و، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە بۆ ئەو سەرکەوتنانە و بەرەوپێشچونانەی کە بەدەست هاتوون، بەڵام لەهەمانکاتیشدا نیگەرانیی نیشان داوە کە تاکو ئێستاش پێداویستیە سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە لە ئاستێکی لاوازدایە و، لەو ئاستەدا نییە کە دڵنیایی بدات کە بەو چەکانە بتوانرێت بەر بە هەموو هەڕەشەیەک بگیرێت.
لەو بارەیەوە (سەرۆک بارزانی) گوتی: "هێشتا بڕیارێکی سیاسی نییە کە ئەوەی پێویستمانە پێمان بدرێت."
لە کاتێکدا هێزە شیعەکان بە پاڵپشتی ئێران بەرەو تکریت و ئەو ناوە ڕێگا دەبڕن، ڕۆڵی بەشداریکردنی کورد لە ناوچە سوننیەکاندا بە پرسیارێکی سەرەکی ماوەتەوە؛ (سەرۆک بارزانی) لەو بارەوە رایگەیاند: "ئەگەر هەر پلان و پرۆگرامێک بۆ ڕزگارکردنەوەی مووسڵ یان هەر شوێنێکی تر هەبێت کە نزیک بێت لە هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە دیراسەی بارودۆخەکە دەکەین و، لە بنچینەدا هیچ بەرهەڵستییەکمان بۆ ئەوە نییە. من بڕیاری ناردنی هێزی کوردی وەکو هێزێکی سەرەکی و فراوان لەو شەڕە نادەم، بەڵام گوتیشی لەو شارەی کە عەرەب زۆرینەیەتی ئێمە ڕۆڵی پاڵپشت دەگێڕین."
دواتر لەسەر بارودۆخی ناوچەکە (مووسڵ) رایگەیاند: "بارودۆخی ئەو ناوچانە زۆر ئاڵۆزە؛ تۆ ناتوانی بڵێی کێ داعشە و کێیش نییە؛ دیار نییە ئەوانەی ئەوێ کێن، هەربۆیەش لەوانەیە زۆر خەڵکی بێگوناح و پێشمەرگەیش لەو ناوەدا ببنە قوربانی. ئێمە پێویستمانە ئەو ڕۆڵەی کە دەدرێتە پێشمەرگە دابڕێژرێت و، بیزانین، ئینجا دەتوانین بڕیار بدەین؛ بەڵام ناچین بۆ ناوچە سوننەکان و شەڕی عارەبان."
دەربارەی ڕۆڵی ئێران و پاڵپشتیی سەربازی و دارایی لە میلیشیا شیعەکان، (سەرۆک بارزانی) دەڵێت، ئێمە لەو بارەیەوە لە نیگەرانی و بایەخەکانی ئەوروپا و ڕۆژئاوادا بەشداری ناکەین." (سەرۆک بارزانی) نیگەرانە لەوەی کە زاڵبونی ڕۆڵی میلیشیا شیعەکان دوای گرتنەوەی ناوچەکان ببێتە قووڵکردنەوەی بەریەککەوتنە سێکتەری و مەزهەبییەکان.
(سەرۆک بارزانی) دەربارەی ڕۆڵی ئێران و هاریکردنی پێشمەرگەیش، رایگەیاند: "هەرکەسێک بەشداری بکات و، یارمەتیمان بدات بۆ شەڕ و پەلاماردانی داعش ئێمە سوپاسی دەکەین."
گوتیشی کە ئێستا من بەشداری ناکەم لەو نیگەرانی و بایەخانە کە تۆ داوام لێ دەکەی سەبارەت بە یارمەتیدان و شکاندنی داعش، دواتر چی ڕوو دەدات دیار نییە.
سەبارەت بە شەهیدبوون و گیرانی هەندێک پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە (بارزانی) زۆر ئاشکرا دڵگران دیار بوو، لەو بارەیەوە گوتوویەتی: "بێگومان ئەوە دڵتەنگمان دەکات کاتێک دەبینین پێشمەرگەکانمان لە دەستی داعشدان، هەندێک ون بوونە و، کەوتونەتە دەستی داعش؛ هەندێکی تریشیان لە شەڕدا گیراون، ئەوە من وەکو خۆم ئازارێکی زۆر گەورە دەکێشم. چیمان پێ بکرێت دەکەین بۆ ئازادکردنیان، بەڵام کە نەیشکرا ئەوانیش دەچنە ڕیزی شەهیدەکانمانەوە، داعش بەو کارانە ناتوانێت سستمان بکاتەوە. ئێمە زۆر لەوانمان گرتووە، بەڵام ئەوەی ئەوان بە دیل دەیکەن، خۆ ئێمەیش نایکەین."
