سەرچاوەی بەرهەمهێنانی توندڕەوی لە توراسی ئایینەوە سەرچاوە دەگرێت
دانیال مادیجان هەروەها گوتی: سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە بەرژەوەندی خۆیان هەیە و لەو بارودۆخانە زۆربەی وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەكانی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن، نەك لەسەر بناغەی پرەنسیپەكان، ئەمە بۆ هەمو وڵاتان راستە و ئێوەش پرسیاری ئەوە دەكەن بۆچی هەندێ وڵاتی ئەوروپی دیاریكراو ئەمە هەڵوێستانە، هەمیشە ئەمریكاش بە ئاشكرا باسی ئەوەی كردووە كە چ كار و كردەوەیەك لە بەرژەوەندی وڵاتەكەیدایە. لەبەر ئەوە من هەمیشە چاوەڕوانی ئەوە ناكەم وڵاتان دەنگی خۆیان بڵند بكەنەوە و باس لە پرەنسیپەكان بكەن. لەبەر ئەوەی سیاسەتی وڵاتان لە بنەڕەتدا لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییەكانە، نەك ئایدیاكان و ناكرێت هەموو جارێك چاوەڕوانی ئەوە بكەین، سیاسییەكان لەسەر بنەمایەكی مەبدەئی هەڵسوكەوت بكەن. ئەمە جێی داخە، بەڵام ئەمە حاڵی سیاسەتە لە جیهاندا.
شایانی باسە دانیال گوتی: زۆر كەس وا بیر دەكەنەوە كە توندڕەوەی لە توراسی ئایینییەوە سەرچاوە دەگرێت، كە وا بیر دەكەنەوە ئەوان موسڵمانن، كەواتە ئەوان توندڕەون بە بەردەوامی و هەمیشە لەوە تێناگەن كە توندڕەوەی لە پەیوەندی نێوان دوو لایەن، یان زیاتردا دروست دەبێت، واتە لایەنێك هەڵوێستێكی توندڕەوانە وەردەگرێت لە پەیوەندیدا بە لایەنەكانی دیكەوە، واتە هەڵوێستی توندڕەوانە لە نێو خودی توراسەكەدا وەرناگرن. پێموایە رێككەوتنێكی بەرفراوان هەیە لەسەر ئەوەی توندڕەوەی دیاردەیەكی خراپە و دەبێت بەرەنگاری ببینەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لە كاتی بە گژداچوونەوە و بەرپەرچدانەوەیدا كارێك نەكەین توندڕەوەی زیاتر پەرەبستێنێت، كە ئەگەر بە شەڕی دژ بە توندڕەوەی ناوزەدی بكەیت، ئەوا سەردەكێشێت بۆ توندڕەوەی زیاتر. باوەڕم بەوە نییە كە دەگوترێت سەرجەم توندڕەوییەكان لە بێبەشبوونی كۆمەڵایەتییەوە دروست دەبن.
لە درێژەی قسەكانیدا دانیال گوتی: من باوەڕم بە تیۆری پێكدادانی شارستانیەتەكان نییە، پێموا نییە پێشبینییەكەی هانتگتۆن راست بووبێت، ئەگەر باس لە پێكدادانی شارستانیەتەكان بكەیت لە نێوان رۆژئاوا و جیهانی ئیسلامیدا، ئەوا هانتگتۆن باسی لە چەندین شارستانییەت كرد، وەك شارستانییەتی چینی و رۆژئاوا و ئیسلام، ئەو باوەڕی وانەبوو شارستانیەتی رۆژئاوا دەمێنێتەوە و زۆر گەشبین نەبوو لە ئاست ئەم شارستانیەتەدا. بەڵام مەسەلەیەكی گرنگ كە لێرەدا باس بكرێت، پێناسەكردنی شارستانیەتە، شارستانیەت چییە؟ واتە ئەو «ئێمە»یە كێیە كە هەست دەكەین ئینتیمامان هەیە بۆی؟ گرووپێكی گەورە، یان نەتەوەیەكی گەورە كە ئێمە ئینتیمامان هەبێت بۆی. پرسە گرنگەكە ئەوەیە مەسەلەی ئێمە و ئەوان تێپەڕێنین. توندڕەوەی پەیوەستە بەو تێڕوانینەی دەڵێت: ئێمە لە دژی ئەوان و ئێمە و ئەوان ئەوەندە لێك دوورین كە ئەگەری ئەوە نییە وەك ئەوان بین، ئەوانیش وەك ئێمە بن، لەبەر ئەوە دەبێت شەڕ هەڵبگیرسێت. ئەم بۆچوونەش لۆژیكی نییە لەبەر ئەوە من باوەڕم بە پێكدادانی شارستانیەتەكان نییە، كە دوو كامپ هەبێت و پێكدادان لە نێوانیاندا رووبدات، پێموا نییە ئەوە حاڵەتەكە بێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1017)
