پهیامی ئهنجومهنی وهزیران له یادی 8ی مارسدا
مایەی شانازییە کە ژنانی کوردستان لە کۆڕی خەبات و تێکۆشاندا، وێڕای ئەوەی هەمیشە هاوتا و هاوشانی پیاوان بوون، هاوکات لە ژنانی هەر کۆمەڵگایەکی دیكه، بەخشندەتر و تێکۆشەرتریش بوون. دایکان و خوشکانی ئێمە، وەک هەر دایک و خوشک و کچی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریمان، هەمیشە ئەرک و خەمی قورسی شۆڕش و بەرخۆدانەکانیان کەوتۆتە ئەستۆ، هەمیشەش بەشدارێکی کارای خەباتی ڕزگاریخوازی گەل و نیشتیمانەکەیان بوون. ژنانی کۆمەڵگای کوردستان بە كردهیی سەلماندوویانە کە لە هەموو کایە جیاجیاکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و وڵاتدا، ڕۆڵی کاریگەر و سەرەکییان هەیە.
ئەمڕۆ، خۆڕاگری و دڵسۆزی و ورەی دایک و هاوسەر و خوشک و کیژۆڵەی هەر پێشمەرگەیەکی نێو سەنگەر کە پارێزگاری لە بوون و کەرامەتی ئەم گەل و وڵاتە دەکات، هیچیان کەمتر نییە لە قارەمانێتی و دڵسۆزیی ئەو پێشمەرگانە. ئەو زوڵمە گەورەیەی کە دەرهەق بە دایکان و خوشکانی ئێزیدیمان کراوە، یهكێك له تاوانه ههره گهورهكانی مێژووی مرۆڤایهتییه.
دایکان و خوشکانی ئازیز.. کوردستانیانی خۆشەویست
حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە جددی و بەوپەڕی پەرۆشییەوە، لە کارنامەی خۆیدا کەیسی یەکسانی و مافی ژنانی وەک پرەنسیپێکی چەسپیوی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی، بەهەند وەرگرتووە و شوێنێکی گرنگی لە کارنامەی خۆیدا پێبەخشیوە. ئێستاش جگە لە هەبوونی دەستە و دامەزراوە ی حکوومیی تایبەت بە ئافرهتان و داکۆکیکەر لە مافەکانیان، لە هەرێمی کوردستاندا دۆخێکی لەبار ڕەخسێنراوە بۆ خەبات و تێکۆشانی چەندین ڕێکخراوی مەدەنیی تایبەتمەند بە بواری ژنان و مافەکانیان. ئەمە ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆییی گرنگە و حکوومەت وێڕای بەردەوامبوونی لە پشتیوانیی ئەم کارانە، کاری زیاتر و کاریگەرتریشی بۆ دەکات.
لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو خوشکە قارەمانانەمان دادەنەوێنین کە لە سەنگەری پێشمەرگایەتی و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانماندا گیانیان بەخشی. پیرۆزباییەکی گەرمیش ئاڕاستەی هەموو ئافرهتان و یەکسانیخواز و ئازادیخوازانی کوردستان و جیهان دەکەین.
بەرەو کۆمەڵگایەکی یەکسان و پتهوكردنی کهلتووری لێبوردەییی مرۆڤدۆستی و ژیانێکی پڕ لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.. بەرز و شکۆدار بێت یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرهتان.
ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان
2015/3/7
