كەسوكاری ئەنفالكراوانی بارزانییەكان دەچنە هەڵەبجە و ساڵیادی كیمیابارانیش سێ‌ ڕۆژ دەخایەنێت

كەسوكاری ئەنفالكراوانی بارزانییەكان دەچنە هەڵەبجە و ساڵیادی كیمیابارانیش سێ‌ ڕۆژ دەخایەنێت
بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە، شاندێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی بارزانییەکان و شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەردانی هەڵەبجە دەكەن. ئەندامێكی لیژنەی باڵای یادەكەیش دەڵێت، ڕۆژی دووەم و سێیەمی یادی كیمیاباران لە شارەدێیەكانی خورماڵ و بیارە بەڕێوە دەچێت.


(لوقمان عەبدولقادر) ئەندامی لیژنەی باڵای یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بۆ مەراسیمی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن خودی هەڵەبجەییەكان و كەسوكاری شەهیدان و ئیدارەی هەڵەبجە و ڕێكخراوەكانی هەڵەبجەوە بەڕێوە دەچێت بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەیەكی تایبەتیان داناوە.


گوتیشی هەرچەندە بۆ ئەمساڵ هیچ میوانێكی بیانی بانگهێشتی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە نەكراون، بەڵام شاندێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی بارزانییەكان و شاندێكی هاووڵاتیانی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سەردانی هەڵەبجە دەكەن و بەشداریی مەراسیمی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكەن.


ئەندامەكەی لیژنەی باڵای یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە جەختی كردەوە، بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی كە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو یادەیان داناوە، لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكەمدا بە خوێندنەوەی وتاری كەسوكاری شەهیدان و قایمقامی هەڵەبجە یادە دەست پێ دەكات، پاشان تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دادەنرێت، پاشنیوەڕۆیش ڕووفاتی حەوت شەهیدی كیمیاباران بە خاك دەسپێردرێنەوە؛ هاوكات ڕۆژانی دووەم و سێیەمی مەراسیمەكەش لە شارەدێیەكانی خورماڵ و بیارە بەڕێوە دەچێت.
Top