سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئیسمەت یەڵماز وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی 3ـی 2015 لە شاری هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) پێشوازی لە ئیسمەت یەڵماز وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە فاروق قایماغچی باڵیۆزی توركیا لە عێراق و مەحمەد عاكیف كونسوڵی توركیا لەهەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی توركیا پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی توركیا سوپاسی (سەرۆك بارزانیی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ستاییشی میواندۆستیی گەلی كوردستانی كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕەوشی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان و هەروەها بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا و هیوای پێشكەوتنی زیاتری بۆ خەڵكی كوردستان خواست.
وەزیری بەرگریی توركیا لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەپێویستیی پێكەوەژیانی گەلانی ناوچەكە كرد كە بەحوكمی دراوسێتی و مێژوو و جیۆگرافیای هاوبەش هیچ چارەیەكیان نییە جگە لەوەی بەیەكەوە بن و لەدابینكردنی ئاساییش و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن هاوكاری یەكتری بن.
ئەوەیشی خستەڕوو كە ستراتیژیی وڵاتەكەی بەردەوامیی پەیوەندی و هاوكاریی نێوان هەردوولایە لە بواری ئابووری و وزە و ئەوەیش پێویستی بە دابینكردن و پاراستنی ئاساییشی هەردوولا هەیە.
وەزیری بەرگریی توركیا جەختی لەوەیش كردەوە كە وڵاتەكەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش پاڵپشتی هەرێمی كوردستان دەبێت و لە مەشقپێكردنی پێشمەرگە و گەیاندنی هاوكاریی مرۆڤی بەردەوام دەبێت.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هێمای بەوەدا كە لەنێوان هەردو لادا زۆر بوار هەیە كە دەكرێ بە هەماهەنگی و هاوكاری كاری لەسەر بكرێت و پێشەڤەچوون و ئاشتی و پێكەوەژیان بەدیبهێندرێت.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە گەلانی ناوچەكە بە برایەتی لەگەڵ یەكتردا بژیین و هیچ جۆرە ناحەزییەك لەنێوانیاندا نەمێنێت و دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ یارمەتیدانی یەكتر و بە بێ یەكترقبوڵكردن و برایەتیش، پێشكەوتنی ناوچەكە ناهێتە دی.
سەرۆك بارزانی پێزانین و خۆشبینیی خۆیشی نیشاندا بەو هەنگاوانەی لە توركیا بۆ چارەكردنی كێشەكان و پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە ئارادایە و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا كە لە هەموو قۆناغەكانی ئەم پڕۆسەیە یارمەتیدەر بێت بۆ نەهێشتنی گرفتەكان.
لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریش (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەك و دژی ئازادیخوازی و مرۆڤایەتییە و بۆ ئەوەی لە تیرۆر ڕزگار ببین دەبێ گشت لایەك هەوڵی خۆی بدات.
هەروەها تیرۆریستانی داعشیش لە بەرەكاندا لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست هاتووە و ڕاستە كە قوربانیی زۆرماندا بەڵام جێگەی سەربەرزییە كە تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شكاون.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەماهەنگی و هاوكاریی لایەنەكان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر و ئازادكردنی ناوچەكان لەدەستی تیرۆریستان و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا قسەی لەبارەیەوە كرا.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
