مەكتەبی سیاسیی پارتی: داگیرساندنی یەكەم ترووسكەی راپەڕین، نیشانەی رەتكردنەوەی ستەم و زۆرداری و دكتاتۆرییەت بوو

مەكتەبی سیاسیی پارتی: داگیرساندنی یەكەم ترووسكەی راپەڕین، نیشانەی رەتكردنەوەی ستەم و زۆرداری و دكتاتۆرییەت بوو
مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (24)ـەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە مەزن و شكۆدارەكەی گەلەكەمانەوە، وێڕای پیرۆزبایی گەرم و شۆڕشگێرانە لە جەماوەری خۆڕاگر و نەبەردی هەرێم، دووپاتی دەكاتەوە كە داگیرساندنی یەكەم ترووسكەی راپەڕین لە شاری رانیەدا، بەڵگە و نیشانەی رەتكردنەوەی ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە و دكتاتۆرییەت بوو، وەك ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێش كڵپەی گرت و سەرتاسەری شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە، رەمزی خۆراگری و نەسرەوتن بوو بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە دێرینەكانمان.

ئەمەیش دەقی پیرۆزبایینامەكەیە:

بە بۆنەی (24)ـەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە مەزن و شكۆدارەكەی گەلەكەمانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم و شۆڕشگێرانە لە جەماوەری خۆڕاگر و نەبەردی گەلەكەمان و كوردستانیانی خۆشەویست دەكەین، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدە نەمرەكانی رێگای رزگاری وئازادی و حوكمڕانیەتی دادەنوێنین.. هەر بەو بۆنەیەوە سڵاو و رێز لە خانەوادە و كەسوكاری گشت شەهیدانی گەلەكەمان بێت.. سڵاو و رێز لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
داگیرساندنی یەكەم ترووسكەی راپەڕین لە شاری رانیەدا بەڵگە و نیشانەی رەتكردنەوەی ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە و دكتاتۆرییەت بوو، وەك ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێش كڵپەی گرت و سەرتاسەری شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە، رەمزی خۆراگری و نەسرەوتن بوو بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە دێرینەكانمان.
گڕوكڵپەی راپەڕین درێژەپێدەری هەمان زنجیرە گڕكانی شۆڕشەكانی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز بوو، لە یەكڕیزیی و هاوهەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەرچاوەی گرت و، رەنگدانەوەی گیانی مقاوەمەت و حەماسەتی لەبننەهاتووی رۆڵەكانی گەلەكەمان بوو بۆیە ئامانجی خۆی پێكا و ئەو دەسكەوتانەی ئەمڕۆی لێ هاتە دی.
مایەی سەرفرازی و شانازییە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەر لە (24)ساڵ گەلی كوردستان بە یەكدەنگ بە خوێنی رۆڵەكانی بەهاری كوردی سوور كرد و دواوانەی ئازادی دا بە گوێی رژێمی دكتاتۆری بەعس و فەرهەنگی سەركوتكردن و ستەمكاری.
هاووڵاتیانی خۆشەویست..
زنجیرە راپەڕینەكانی بەهار و نەورۆز دەسكەوتێكی هەرەگرنگی مێژوویین بۆ گەلەكەمان و بەدیهێنەری ئەو قۆناخەن لە فەرمانڕەوایەتی و پرۆسەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (1992) بۆیە ئەرك و بەرپرسیارەتیی هەموو لایەكمانە ئەو دەسكەوتە مەزنانە بپارێزین و داكۆكییان لێ بكەین بە تایبەتی لەو قۆناخە هەستیار و چارەنووسازەدا، كە شەڕێكی ناڕەوا و داسەپاو رووی لە هەرێمەكەمان كردووە، پێویستە بەهەمان گیانی شۆڕشگێری و نیشتیمانپەروەرییەوە شانبەشانی هێزە دلێرەكانی پێشمەرگە یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بین و كۆتایی بەو میحنەت و دەردەسەریانەش بهێنین و برینەكان سارێژ بكرێن و كێشەكان چارە بكرێن بە تایبەتی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و شاری كەركووكی دڵی كوردستان و، بارودۆخەكەیش بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی و دەركراو و ئاوارەكراوەكان بە جێگەوشوێن و حاڵ و ماڵی خۆیان شاد ببنەوە و جارێكی دیكە سەقامگیری و ئارامی و ئاوەدانی روو لەو ناوچانە بكاتەوە.
بێگومان لەو ماوەی خۆحوكمڕانیماندا توانیمان دەسكەوتی باش بەدەست بێنین لە چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و ئاڵووێری ئاشتیانەی دەسەڵات و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و قووڵكردنەوە و پتەوتركردنی گیانی هاوبەشی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەو تابلۆ هەمەچەشن و فرەرەنگەی وڵاتەكەماندا و دانانی نەخشەوپلان و ستراتیژییەتێكی سەركەوتوو بە هەردوو دیوی ناوخۆیی و دەرەكی و نێودەوڵەتییش، لە رووی ناوخۆییەوە بەدامەزراوەییكردنی هەیكەلی دەوڵەتداری و ئیدارە و بەڕێوەبردنی حكوومەت و دابینكردنی ئەمن و ئاساییش و سەقامگیری و بیناكردنەوەی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوەی گشت بوارەكانی ژیانی هاووڵاتیان لە خۆشگوزەرانی و دابینكردنی پێداویستی و بنەما سەرەكییەكانی گوزەرانیان، هەروەها فەراهەمكردنی زەوینەیەكی بەربڵاوی سەربەستانەی كار و چالاكی سیاسی و فرەحزبی و بوارەكانی میدیا و رۆژنامەوانی و پرەنسیپەكانی كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیی رادەربڕین دوور لە هەموو سانسۆرێك، لە رووی دەرەكییشەوە هەماهەنگی و خۆگونجاندن بۆ بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیمان و راكێشانی بە دەیان كۆمپانیا و وەبەرهێنەر و سەرمایەی بیانی بۆ كاركردن لە پڕۆژە جۆراوجۆرەكانی ناو هەرێم بە تایبەتی كۆمپانیاكانی بواری نەوت وزە و ناساندنی ئەزموونی حوكمڕانیمان بە دەرەوە و جیهان و كردنەوەی بە دەیان كۆنسووڵگەری و نووسینگەی نوێنەرایەتیی وڵاتانی جیهان لە هەرێم، بەمەیش هەم لە رووی سیاسی و هەمیش لە رووی ئابوورییەوە پێگە و پایەمان بەهێزتر و پتەوتر بووە لە نێوەندە جیهانی و بڕیاربەدەستەكان بۆ هەرچی زووتر بڕیاردان لەسەر ئاییندە و چارەنووسی كێشە سیاسییەكەمان و گواستنەوەی وڵاتەكەمان بۆ قۆناخێكی نوێتر.
لەو دەرفەتەدا پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ زیاتر سەرخستنی ئەو ئەزموونە و پاراستنی ئەو قەوارە سیاسییەمان دووپات دەكەینەوە كە بە خوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان هاتووەتە دی و ئەركی سەرشانی هەموو لایەكیشە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بە گیانی شۆڕشگێری و نیشتیمانپەروەرییەوە بەرگری لە حكوومەت و دەسكەوتەكان بكەن و رۆڵی شیاو و مێژوویی خۆیان بگێڕن لە بەرەوپێشبردن و پتەوكردنی بنەما و كۆڵەگەكانی و دوورخستنەوەی لە ئەگەری هەر هەڕەشە و مەترسییەك و چارەكردنی كەموكوڕی و گیروگرفتەكان و هەنگاونان بەرەو بەدیهاتنی ئامانجەكانمان.
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان..
هەمیشە هەڵوێست و بەرنامە و پەیامی نزیك و درێژخایەنی پارتیمان، پارتیی دیموكراتی كوردستان و (سەرۆك بارزانی) لە گشت قۆناخەكانی خەبات و تێكۆشاندا، كە هەردەم كاری لەپێشینەیان لە خواست و ویستی جەماوەری كوردستان سەرچاوەی گرتووە و لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیش تۆزقاڵێك درێخییان نەكردووە و نایكەن، هەر لە دابینكردنی مافەكان و دەستبەركردنی ژیانێكی ئاسوودە و شاییستە و شەرەفمەندانە تا بە رووبەڕووبوونەوەی دوژمن و نەیار و تیرۆریستان دەگات لە بەرەكانی شەڕدا و، لەو پێناوەیشدا هەزاران شەهیدی بەخشیوەتە ئەو خاك و نیشتیمانە، هەروەها پتەوكردن و بەهێزكردنی یەكڕیزی نێوماڵی كورد و پرەنسیپەكانی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی.
ئاشكرایە دوابەدوای رووخانی رژێمی بەعس و جاڕدانی عێراقێكی نوێ و فیدراڵ بەپێی دەستوور ئەو وڵاتە دووچاری قەیرانی هەمەجۆری سیاسی و تایەفی و ئابووری و دارایی بووەتەوە، ئەمە بەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا رەنگی داوەتەوە و چەندین بەرزونزمیی تێكەوتووە و كۆمەڵە كێشەیەك قووت بوونەتەوە، كە ئێمە پێمان وایە پێویستە هەرچی زووە ئەو كێشانە چارە بكرێن بە دداننان بە مافەكانمان وەك هەرێم و ئەو ماف و ئیستیحقاقانەمان كە مافی گەلەكەمانە وەك بودجە و مافی هەڵسووڕاندنی كاروباری داهاتە سرووشتییەكانمان فەرامۆش نەكرێن و جێبەجێ بكرێن و هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەبنەوە.
ئەزموونی هەرێم و ئەو ماوەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەسكەوتی مەزن و گرنگن بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستانی گەورە و هاونیشتیمانیانمان وەك وڵاتی هەمووان بۆ رێكخستنی نێو ئەو ماڵە گەورەیە لەسەر بنەما و روئیایەكی بەرفراوانی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دەستەبەركردن و بەرجەستەكردنی راوبۆچوون و روئیا و بەرنامەی لایەنەكان بۆ لێكتێگەیشتن و دیالۆگێكی بەردەوام و كراوە بە مەبەستی رەچاوكردنی تایبەتمەندییەكان و بەدیهێنانی مافەكانیان و پتەوكردنی ئەو پرۆسەیە و زیاتر پێشخستنی و دیاریكردنی هەنگاوەكانی ئاییندە و ئامانجە دوورخایەنەكان. بەو بۆنەیەوە دووپاتی دەكەینەوە سوور دەبین لەسەر زیاتر خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلەكەمان و چاكتركردنی بژێویی ژیانیان و بەرەوپێشبردنی گوزەرانیان و چارەكردنی كێشە و گیروگرفتەگانیان و زیاتر ئاوەدانكردنەوە و بووژاندنەوەی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتاییدا سڵاو لە شەهیدانی رۆژانی راپەڕین و راماڵینی دوژمنان لە سەرجەم شار و شاروچكەكان تا ئازادكردنی كەركووكی دڵی كوردستان.
سڵاو لە جەماوەری بەئەمەك و خۆڕاگری كوردستان كە دلێرانە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گوشارێكی دوژمنان بوونەتەوە.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان..

مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان
5/3/2015
Top