لە ترسی نزیكبونەوەی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شارەكە، خەڵكی مووسڵ ئازوقە زەخیرە دەكەن
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ(سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە چەند لایێكەوە زیاتر لە شاری مووسڵ نزیك بوونەوە و فڕۆكە جەنگییەكانیش بۆردوومانەكانیان بۆ سەر بارەگاكانی داعش لەناو مووسڵ چڕتر كردووەتەوە و، هاوكات باسكردنی چۆنیەتیی ڕزگاركردنی شارەكە، لەلایەن فەرماندە باڵاكانی سەربازی ئەمەریكاوە، ئێستا خەڵكی شارەكە ترسێكی زۆریان لا دروست بووە. پێیان وایە ماوەیەكی دیكە نەك قەیرانی دارایی، بەڵكو قەیرانی ئازوقە و شتومەك زیاتر قۆڵ دەبێتەوە."
(سەعید مەموزینی) ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا خەڵكی شارەكە سەرباری ئەوەی باری داراییشیان زۆر باش نییە، بەڵام بە کۆمەڵ ڕوویان لە بازاڕی شارەكە كردووە بۆ كڕینی خواردەمەنی و ئازوقە، بۆئەوەی لە ماڵ زەخیرەی بكەن؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەیە كە، رۆژ دوای رۆژ گەمارۆدانی شارەكە زیاتر دەبێت و پرۆسەی ئازادكردنی شارەكەیش درێژە دەخایەنێ، بۆیە وا ڕوویان لە بازاڕی شارەكە كردووە."
