سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی كۆمیسیۆنی پێوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا كۆ بوونەوە
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 10ـی 2ـی 2015 فەرید یاسین باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا لەسەر شەرەفی (سەرۆك بارزانی) ئێوارەخوانێكی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە پاریس ساز كرد كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی و سیاسەتمەداری فەرەنسایی و بیانی بانگهێشت كرابوون.
هەر لە هەمان شوێن و بەر لە دەستپێكی ئێوارەخوانەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) لەگەڵ سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا خاتوو (ئێلیزابێت گویگۆ) كۆ بوویەوە.
لەو دانیشتنەدا سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد. هەروەها ستاییشی ڕۆڵی ئافرەتانی كوردی كرد لە جەنگی دژی تیرۆریستان بە تایبەت لە كۆبانێ و سەرسامیی خۆی بە خەباتگێڕی و ئازایەتیی ئافرەتانی كورد نیشان دا.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و سووریا و، ڕۆڵی كورد لە هاوكێشەكانی ناوچەكەدا، تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.
