كێشەی داعش و ئۆكڕانیا لە 2015 بەردەوام دەبێت و كۆتاییان نایەت

كێشەی داعش و ئۆكڕانیا لە 2015 بەردەوام دەبێت و كۆتاییان نایەت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ویڵ والدرۆف تایبەتمەند لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوتى: ئەوەی پەیوەندی بە گۆڕانكاری و جیاوازییەكانی ساڵی 2014ـەوە هەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ساڵی 2014 هەڵگری گۆڕانكاری بوو لە پەیوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە لە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە. واتە بە شێوەیەك لە شێوەكان گەڕانەوە بوو بۆ ئەوەی- من پێی دەڵێم: (سیاسەتی نێودەوڵەتی ئاسایی)، ئەمە ئەگەر لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بڕوانن، دەبینن بیست ساڵ پێش ئێستا سامویل هانتگتۆن وتارێكی نووسی لەبارەی جیهانی تاكجەمسەری كە تێیدا تاكە هێزێكی مەزن هەیە كە ئەمریكایە، ئینجا كۆمەڵە هێزێكی ئیقلمی و كۆمەڵە پرسێكی ئیقلیمیش هەن، واتە هێز پتر دابەش بووە لە شێوەی فرەجەمسەریدا، ئەمەش جۆرێكە لە پشێوی و ئێستاش ئێمە گەڕانەوەی ئەو پشێوییە بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی بەدی دەكەین، كە رەنگە زۆر تەبا بێتەوە لەگەڵ رەوتی مێژوودا. لەبەر ئەوە من هاوڕام كە ساڵی 2014 ساڵێكی بایەخدار بوو لە رووی روودانی گۆڕانكارییەوە. گۆڕانكاریش بریتی بوو لە گەڕانەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی.


ویڵ والدرۆف هەروەها گوتی: رەنگە رووداوێكی وەك فڕۆكەوانە ئەردەنییەكە، یاخود رووداوی وەك چارلی ئەبدۆ ببنەهۆی ئەوەی رۆژئاوا- بە مانا جیهانییەكەی كە رەنگە ژاپۆنیش لە خۆبگرێت و هەروەها ئەمریكا- بە گوڕوتینێكی زیاتر بەشداری شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی بكەن. بۆ من جێی سەرسوڕمان نابێت كە هەندێ گەنجی پەراوێزخراو لە ئەوروپا، یان ئەمریكا سەرنجیان بۆ لای دەوڵەتی ئیسلامی رابكێشرێت و بچنە نێوی، بۆی هەیە روودای دیكە لە ناو ئەوروپا و رەنگە لە ناو ئەمریكاشدا رووبدات. رەنگە بەردەوامبوونێك لە چوونی ئەو رادیكاڵانە لە ئەوروپا و ئەمریكاوە بۆ شەڕكردن لە سووریا و عێراق هەبێت. بەڵام پێموایە روودانی ئەو هێرشانە لە ئەوروپا و ئەمریكا زەحمەتە، بە چەشنی ئەوەی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە لە دۆخی دوای 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا زەحمەت بوو، ئەویش بەهۆی ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی گیراونەتەبەر.

شایانی باسە والدرۆف گوتی: دەوڵەتی ئیسلامی وەك لقێكی رادیكاڵی ئیسلام، یان ئیسلامی سوننە، هەروەها كێشەیەكی قووڵتر، ئەویش بریتییە لەوەی سنوورەكانی ناوچەكە بە شێوەیەكی دەستكرد لەلایەن هێزە ئیمپریالییەكانەوە دروستكراون، ئەمەش مانای ئەوەیە دوو كێشە هەیە، پێموایە لە ئێستادا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پتر تەركیزی لەسەر كێشەی یەكەمیانە، كە تەحەددای داعشە. كە ئێستا بەهێزبوونی هاوپەیمانێتیەكە دەبینین كە كوردستان و هەروەها بەغداش لەخۆ دەگرێت لە پەیوەندی بەوەی سەرەتا مامەڵە لەگەڵ داعشدا بكرێت. بەلای منەوە ئەوە ئەو سیناریۆیەیە كە ئەگەری روودانی لێدەكرێت كاتێك باس لە ساڵی داهاتوو دەكرێت، پێموایە لە ساڵی 2015دا ئەمە زۆربەی زۆری گفتوگۆكان داگیردەكات. واتە كاتێك ئەو كێشەیە یەكلا دەبێتەوە، یان تا راددەیەك داعش كۆنتڕۆڵ دەكرێت، ئەوا كێشە لاوەكییە قووڵترەكە دەردەكەوێتەوە، پرسی ئایندەی كوردستان دێتە پێشەوە لە سیاقی پرسی گەورەتردا لە پەیوەندی بە سنوورەكان و كێشەی تایەفەگەرییەوە، ئەوەش كێشەیەكی ئاڵۆزە و ئەگەر بە راشكاوی بدوێین ئەوا چارەسەركردنی زەحمەتە. بەتایبەتی كە توركیا و وڵاتانی دیكەش رۆڵیان دەبێت تێیدا.

لە كۆتایی قسەكانیدا والدرۆف گوتی: پێشمەرگە رۆڵێكی زۆر پێویست دەبینین لەم دەستپێشخەرییەدا و هێزێكی شەڕكەرن كە ئەمریكا خوازیارە وەك مۆدێلێك لێی بڕوانێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش بەو شێوەیە هەوڵبدەن مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیدا بكەن. لە پلانی ئەمریكادا- نەك رەوانەكردنی هێزی زەمینی، بەڵكو دۆزینەوەی چارەسەری ئیقلیمی بۆ پرسی ئیقلیمی- گرنگە و لەوەش پێشمەرگە رۆڵێكی زۆر پێویستی هەیە، پێموایە ئەوەی ئەمریكا تا ئێستا ئەنجامی داوە، ئەوا بەردەوام دەبێت لە دابینكردنی سەرچاوەكان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، كە پێویستیشە ئەو كارە بكات لە شەڕكردنیاندا لە دژی داعش. مەسەلەیەكی دیكە ئەوەیە كە ئەمریكا ئومێدی ئەوە دەكات وڵاتانی دیكەش هەمان ئەو پابەندبوونە بخەنە ئەستۆی خۆیان- كە من پێموایە ئەمە زیاتر ئەگەری روودانی لێدەكرێت-. لەبەر ئەوە من شتێكی دیكەم نییە، جگە لەوەی بڵێم رۆڵی پێشمەرگە پێویستیەكی بە پەلەیە بۆ هەر بەرەوپێشچوونێك لە بەرەكانی شەڕدا دژی داعش و تێكشكاندنیان.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1015)
Top