رەفتاری تیرۆریستانی داعش ناوچەكە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورەی جیۆسیاسی دەبات

رەفتاری تیرۆریستانی داعش ناوچەكە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورەی جیۆسیاسی دەبات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر عەبدوڵڵا نەگراشی لە زانكۆی ئوردن بۆ گوتى: بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا و پێش دروستبوونی داعشیش هەر لە رەوشێكی ئاڵۆزدابووە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییانەی لە ئێستادا دادەمەزرێن و بەشێوەیەكی سەیر كارلێك دەكەن، لەبەر ئەوەی ئەم پەیوەندییانەی ئێستا دەرئەنجام و ئاكامی ئەو رەوشەن كە تێیدا بناغەی پەیوەندییە كۆنەكان لە ماوەی دەیەی رابردوودا لە نێوان هێزە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكاندا هەرەسیان هێناوە. بە مانای ئەوەی چیتر ئەو بنەما ئیقلیمییە جێگیرانە لە ئارادا نەماون كە جووڵەی كۆمەڵگەكان رێكدەخەن. ئەم گۆڕانكارییانە بوونە هۆی ئەوەی دووبارە هەلومەرجی ناوچەكە دابڕێژرێتەوە. بەو پێیە پەیوەندی نوێی هێز دروست بووە و پەیوەندیی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ هاتوونەتەئاراوە، لەو كەشەدا بزووتنەوەكانی ئیسلامی سیاسی بە جۆرە جیاوازەكانیانەوە دروست بوون، كە دواتر ئەم رەوتانە هەوڵیاندا گوزارشت لە بوونی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی تێڕوانینە جیاوازەكانی خۆیان بسەپێنن. كەواتە لەلایەك سیستمگەلێكی سیاسی تەقلیدی هەن كە دەیانەوێت بەرهەڵستی بزووتنەوەكانی گۆڕانكاری بكەن، هەروەها بزووتنەوەی سیاسی جۆرواجۆر هەن كە دەیانەوێت دیدی جیاوازی خۆیان بسەپێنن و لە هەمان كاتدا پێكهاتەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست بوون كە هەوڵ دەدەن كاریگەر بن، كە هەموو ئەمانە لەگەڵ یەكدا تەفاعول دەكەن، چونكە ناوچەكە چۆتە دۆخی شڵەژانەوە و هێز، یان سیستمێكی نێودەوڵەتی توانای ئەوەی نیە رێكیبخات و سیستمێكی ئیقلمیش نییە بتوانێت رێكیبخات.

عەبدوڵڵا نەگراشی هەروەها گوتی: دیاردەی ئیسلامی سیاسی دیاردەیەكی نوێ نییە، واتە پتر لە دوو تا سێ دەیەیە بوونی هەیە، لە نێو هەر دەوڵەتێكدا هێزێكی كۆمەڵایەتییە و لە ئارادایە، راستە لە حوكمڕانیدا نەبووە، بەڵام وەك هێزێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی بوونی هەبووە لە رێی رێكخراوەكانی و لە رێی پێكهاتەكانی و بەشدارییەكانیەوە. ئەم دیاردەیەش بەهۆی ئەوە هاتەئاراوە كە لە ماوەی رابردوودا لە دەیەكانی شەست و حەفتاكاندا بە شێوەیەكی عەمەلی بیرۆكە پتر نویخوازییەكان، وەك بیرۆكە نەتەوەییەكان، یان بیرۆكە لیبڕاڵییەكان شكستیان هێنا، ناوچەكەش خرایە ژێر ئەو سیستمانەی پێی دەوترێت سیستمی كۆنترۆڵكردن (نظم السیطرة) بە مانای كۆنتڕۆڵكردنی هەمو حاڵەتەكان و هەموو بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان و سیستمەكان بەرەو سەركوتكاری چوون، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی هێزە نوێیەكان، كەواتە دیاردەی ئیسلامی سیاسی پەیوەندی بە پێویستییەكی كۆمەڵایەتییەوە هەیە و ئەمە مەسەلەیەكە تەمەنی لە هەزار و چوار سەد ساڵ زیاترە و ئەم بیروباوەڕە گەشەی كردووە لەلایەن پێكهاتە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكانەوە كە بە گوێرەی قوتابخانە فیقهییەكان جیاواز بوون. بەڵام لە كۆتاییدا ئەمە حاڵەتێكە لە بنەڕەتیدا و بە شێوەیەكی مێژوویی بوونی هەبووە لە ناوچەكەدا و پێشتریش سازدان و جۆشدانی ئوسووڵی بوونی هەبووە، وەك وەهابیەت و سنوسی و مەهدیە، كەواتە دیاردەی ئیسلامی سیاسی لە دێرزەمانەوە بوونی هەبووە.

شایانی باسە نەگراشی هەروەها گوتی: ئەو سیستمە سیاسیەی لە ئوردن لە ئارادایە، كە بە درێژایی نزیكەی هەشتا ساڵ سیستمێكی توندوتیژ نەبووە و مەیلی بۆ پێكدادان نەبووە كە حاڵەتێكی میانڕەوەی لە ناو خەڵكدا دروست كردووە، ئەوە راستە كە هەر دەوڵەتێك بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە، هەلومەرجی ئوردن رێگە نادات بە پێكدادانی راستەوخۆ و توندوتیژی نێوان هێزە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها لە نێوان هێزە كۆمەڵایەتییەكان و سیستمەكەدا. واتە گرێبەستێكی مێژوویی و لێكتێگەیشتنێك لە نێوان سیستمەكە و كۆمەڵگەكە دروستبووە كە سەقامگیری گرنگترین هۆكار و سەقامگیری گرنگترین پێدراوی ژیانی دەوڵەتە لە ئوردن. لەلایەكی دیكەوە پێویستییەك هەیە بە شەرعییەتی ئایینی كە وەك پاساوێكی ئیسلامی مایەی قەناعەتپێهێنان بێت. ئەو بزووتنەوە ئیسلامییانەش كە لە ئوردن دروست بوون، هەڵگری هەمان خەسڵەت بوون، توندوتیژ نەبوون و خوازیای پێكدادان نەبوون و بواری كاركردنیان پێدرابوو.






بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1013)

Top