پێشمەرگە و شەڕڤانان ١٠٠٠ داعشیان کوشتووه
کەمێک پێش ئێستا ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی فەرماندەی هیزەکانی پێشمەرگە لە کۆبانی، دوائاماری کوژراوانی داعشی دەست خست، کە لە چوار مانگی رابردوو لەو شارەدا واتە لەوەتەی پێشمەرگە چوون بۆ کۆبانی. زیاتر لە ١٠٠٠ تیرۆریستی داعش کوژراون.
کۆبانی کە سنوورێکی بەرفراوانی هەیە و زیاتر لە ٣٧٤ گوند لەخۆ دەگرێت، بە گوتەی فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە (موسڵح زێباری)، لە ئێستادا هەڵمەتی دەستکردن بە پاککردنەوەی گوندەکان لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە دەستی پێکردووە و؛ ئەمڕۆ ژمارەی گوندە ئازادکراوەکانی کۆبانی گەیشتە ٢٢ گوند.
(موسڵح زێباری) دڵنیایی دا کە هەڵمەتەکە درێژەی دەبێت و بەو نزیکانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گوندەکانی ئەو سنوورە لە تیرۆریستان پاک دەکەنەوە، جەختیشی کردەوە "داعش دوو شتی لە دەستدا ماون، راکردن و خۆتەقاندنەوە؛ ئیدی راویان دەنێین و وەدەریان دەنێین".
ئەو دەستپێکی ئەو چوار مانگەی باس کرد کە جەنگ چۆن بەرۆکی کۆبانیی گرتبوو؛ بەڵام ئازادکردنی کۆبانی بە شکاندنی بڕبڕەی پشتی داعشی لە رۆژئاوای سووریا ناوبرد، وەک گوتی "راستە سنووری کۆبانی زۆر فراوانە و ٣٧٤ گوند لەخۆ دەگرێ، بەڵام خۆ ژمارەیەکی زۆری ئەو گوندانە بچووکن و بە ئاسانی دەتوانین ئازادیان بکەین. وەک چۆن ئەمڕۆ گەورەترین گوندی کۆبانیمان ئازاد کرد، وەهایش ناوەستین تا بەتەواوەتی گشت سنووری ئەو شارە ئازاد دەکەینەوە".
گەڵێک ئاستەنگ هەن بۆ ئەوەی پێشمەرگە و شەڕڤانان پێشڕەویی زۆر خێرا لە سنووری کۆبانی بکەن، لەوانە مینڕێژکردنی گوندەکان و رێگاوبان و خۆتەقاندنەوەی تیرۆریستان؛ لەگەڵ جووڵەپێکردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، بەڵام فەرماندەکەی هێزی پێشمەرگە دەڵێ، "راستە ئەمانە ئاستەنگن و کاتی دەوێ، بەڵام ئێمە دڵنیایی دەدەین کە لە ماوەیەکی نزیکدا پێشڕەوییەکانمان گشت ئەو بەربەستانە دەبڕن و گشت سنوورەکە ئازاد دەکەینەوە."
(موسڵح زێباری) کە ماوەی ٢٠ رۆژە لە کۆبانییە، دەڵێ "تەنیا لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ داعش کوژراون، ١٢٠ لاشەی داعش لە سەنگەری جەنگدا کەوتوون، تەنیا ئەمڕۆ ٣٤ داعش کوژراون، بۆیە داعش ورەی نەماوە و ناچارە تەواوی سنووری کۆبانی چۆڵ بکات."
