ئەو مەلا کوردەی هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووکی کرد، کوژرا

 ئەو مەلا کوردەی هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووکی کرد، کوژرا
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کە ئەو مەلا کوردە داعشەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووک و هەولێری کردبوو، کوژرا.

ئەنوەری حاجی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە مەلا شوان، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووک و هەولێری کردبوو، لە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە کوژرا.

دوای داگیرکردنی موسڵ و چەند شارێکی دیکەی عێراق لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، مەلا شوان، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتێکی شاری هەولێر، بە خۆی و ژن و منداڵەکانی روویکردە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و وەک خۆی گوتی، بوو بە "موجاهیدێکی دەولەی ئیسلامی".

شەوی 29 لەسەر 30ـی کانوونی دووەمی 2015، مەلا شوان، هاوڕێ لەگەڵ چەند کوردێکی دیکەی نێو داعش، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، بە زمانی کوردی هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووک و هەولێر کرد و رایگەیاند، کە رۆژی هەینی چەکدارانی داعش دەچنە نێو شاری کەرکووک.








رووداو
Top