بۆریس جۆنسۆن: کوردستان بووەتە پەناگەی ئاوارەکان

 بۆریس جۆنسۆن: کوردستان بووەتە پەناگەی ئاوارەکان
-بۆریس جۆنسۆن 'شارەوان'ـی لەندەن، کە گەڕایەوە بۆ بەریتانیا، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی کوردستان و ناوچەکە نووسیوە، کە لە تەلگرافدا بڵاو کراوەتەوە.
لە بارەی توندوتیژی و هەڕەشەکانی داعش و چیرۆکی ئاوارەکان نووسیویەتی: "بە چاوی خۆم دیتم پەنابەرەکان چۆن لە ترسی داعشدا هەڵاتوون و، لە کوردستان پەنایان گرتووە؛ خۆزگە بەریتانیا بیتوانیبا کارێکی زیاتریان بۆ بکات."
لەسەر زەوییەکی قوڕ و لیتاوی ڕاوەستابووم بۆ دڵدانەوەی بێوەژنێک، ئاسان نەبوو لە ئاست میحنەت و ئازارەکانیدا وشەیەک پەیدا بکەم بۆ گوتن، ئەو لەگەڵ حەفت منداڵەکانی لە خێوەتێکدا دەژیا، مێردەکەی قوربانی شێتەکان (داعشەکان) بوو، ئەوان شەبەک بوون، داوایان لە شووەکەی کردبوو ببێتە مسوڵمانی سوننی بەڵام ئەو نەچووبوویە ژێر بار، هەربۆیەش بێ‌بەزەییانە هەروەکو زۆر کەسی تر و، بارمتە ژاپۆنییەکە و ئەوانی تر کوشتبوویان. ئاوارەکان جگە لە هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، پاراستنیان هیچ هیوایەکی تریان نییە.
ئاخر تێناگەم بۆچی بە داعش دەڵێن ئەوانە دەگەڕێنەوە بۆ چەرخی ناوەڕاست. دەبێ سەیریان بکەن و بە چاوی خۆتان بیانبینن، ئەوان کە بە دەم کوشتنی مرۆڤەوە پێدەکەنن و، گاڵتە و، سووکایەتی بەو ژنانە دەکەن کە کردویاننەتە کۆیلەی خۆیان. لە ڕاستیدا ئەوانە نەخۆش و یاخین، نەک خەڵکی سەدەی ناوەڕاست.
جۆنسۆن لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا باسی داعش دەکات و نووسیویەتی، ئەوان باش خۆیان ڕێک خستووە پێناچێت بە کەمتر لەساڵێک تێک بشکێنرێن، زۆربەی عێراقیان کردووەتە شوێنی بەرگری و شەڕگەی خۆیان، بەهۆی جیاوازی ئایین و، نەتەوە و، مەزەب و، ڕەتکردنەوەی ئەوان و سەرکۆنەکردنی کارەکانیان، بێ‌بەزەییانە کەوتونەتە وێزەی خەڵکی و، نزیکەی ٧،٦ ملیۆن کەسیان لە ماڵ و لانەی خۆیان دەربەدەر کردووە.

جۆنسۆن نووسیویەتی لەسەفەرەکەمدا بانگ بێژێکی شیعەم دواند کە خەڵکی موسڵ بوو، ئەو گوتی سوپای عێراق نەیپاراستین، ئێمە دەمانەوێت موسڵ بدرێتە دەست کورد و، پێشمەرگەی کوردستان، ئاخر ئەوان ئێمەیان پاراستوە لێرەش لە ئاوارەییدا نازمان دەکێشن.
لەڕاستیدا ئەو لەوانەیە سەرپێیانە ئەوەی گوتبێ، بەڵام ئەوە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکە، ئەو ڕاستیەی کە کورد سیاسەتێکی جوان پەیڕەو دەکات، تەنها هێزێک هەیە کە بەڕاستی و ئازایانە شەڕی داعش دەکات و، تێکیان شکاندوون، ئەوانە دەستەیەک سەربازن دڵی خۆیان داوەتە دەست شەڕ بوێرانە بۆ نیشتمان دەیبەخشن، ئەوانە (ئەو پیاوانەن کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە)، ئەوانە پێشمەرگەن، پێشمەرگەی کوردستان.
بۆ دۆخی ئێستای کوردستان جۆنسۆن نووسیویەتی:
ئێستا کاری هەرە گرنگ و بە پەلە، ئەوەیە کە یارمەتیی کوردەکان بدەین تا چۆک بە هێزی تاریکی و ڕق و کینە دابدەن.
Top