بەر لەوەی تاوانەكەی ئەنجام بدات لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا
رائید كاروان خۆشناو گووتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند: پۆلیس كەسێك لەكاتی دزیكردندا دەستگیر دەكات و رێگریی لێدەکات لە ئەنجامدانی تاوانەكە، ئەو چەقۆ و كەلوپەلانەش دەستبەسەردادەگرێت كە تۆمەتبار ئامادەی كردبوون تاكوو تاوانەكەی پێ ئەنجام بدات.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گووتی: تۆمەتبار پیشەی پاسەوانی مەدەنیە لە کارگەیەک، تۆمەتبارەکە ناوی (ھـ. ڕ. ڕ)ە و لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا کەلەپچە و دەمامکی بەکارھێناوە تا نەناسرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ئەو تۆمەتبارە ویستوویەتی لەشارۆچکەیەکی سەر بە ناحیەی بنەسڵاوە ھەڵکوتێتە سەر ماڵێک کە زانیاریی ھەبووە ئەو ماڵە زێڕ و پارەیەکی زۆریان ھەیە، نیازی وابووە ژنی ماڵەکە بکوژێت و دواتر زێڕ و پارەکەی ببات بۆ خۆی.
رائید كاراوان خۆشناو بۆ پەیامنێڕ گوتی: پێش ئەنجامدانی تاوانەکە، پۆلیس زانیارییان پێگەیشتووە و تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە، بەرێز دادوەر بریاریدا بە بەندکردنی بەپێی مادەی ٤٠٦ بڕگەی ٥٥ و ٥٦ لەیاسای سزادانی عیراقی.
