مەسرور بارزانی: زیاتر لە 200 تەرمی داعش لە بەرەی جەنگدا کەوتوون..پێشمەرگە سەرکەوتنی مەزنی بەدەست هێنا
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، (مەسرور بارزانی) لە میانی پڕێسکۆنفڕانسێکدا لە میحوەری رۆژهەڵات و رۆژاوای بەنداوی مووسڵ کە بە زمانی کوردی و ئینگلیزی لێدوانی بۆ کەناڵەکانی ناوخۆیی و بیانی دا، پێوەست بە ئۆپەراسیۆنی هێزی پیشمەرگەی کوردستان کە ئەمڕۆ گورزی گەورەیان لە داعش وەشاند رایگەیاند، پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد و رووبەڕێکی گەورەی لە میحوەرکەدا ئازاد کردەوە و سەرکەوتوو بوون، هەروا گوتیشی کە، دوژمن هەوڵی ئەوەی دا 14 ئۆتۆمبێلی مینرێژکرا و بنێریت، بەڵام 3 لەو ئۆتۆمبێلانە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکان کرانە ئامانج و تێکشکێندران و 11ی دیکەش لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە بە رۆکێتی دژە تانک لێان درا و تێک شکێندران.
(مەسرور بارزانی) راشیگەیاند کە، لەئاکامی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەی پێشمەرگە دوژمن زیانی گەورەی پێگەیشتووە و زیاتر لە 200 تەرمی داعش لەبەرەکانی جەنگدا کەوتوون و زۆر تەرمی دیکەیشیان گەیاندوونەتەوە مووسڵ.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند کە، تا ئێستا شەڕ بەردەوامی هەیە و، بەڵام پێشمەرگە سەرکەوتوون و داعش رادەکەن و ورەیان نەماوە، لە هەندێ شوێن خۆیان حەشارداون و لەو شوێنانەیش پێشمەرگە دەوریان داون و بە خۆشحاڵییەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو بوو.
(مەسرور بارزانی) گوتی، توانیمان شکست بە داعش بێنین و، ئەم ئۆپەراسیۆنە کە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای بەنداوی مووسڵ ئەنجامدرا، توانرا بەشێکی زۆر گرینگ لە رۆژئاوای بەنداوی مووسڵ کە بەرازایی بوو کۆنتڕۆڵی بکەین، کە شوێنێکی ستراتیژییە و دەڕوانێتە سەر داعش و، ئیدی جارێکی دی داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو شوێنانە.
لە بەشێکی دیکەی پڕێسکۆنفڕانسەکەدا (مەسرور بارزانی) ئاماژەیشی کرد کە، لە ئاکامی ئەو گورزە گەورەیەی کە پێشمەرگە لە داعشی وەشاند، دوژمن ناتوانێ وەک هێرشی گەورە ئەنجام بدەن، بەڵام هەمیشە تا ئەو کاتەی کە بنەبڕ دەکرێن، دوژمن هەر جێگەی مەترسین.
پێوەست بە میحوەری گوێر و مەخمووریش راشیگەیاند کە، لەو میحوەرەیشدا پێشمەرگە گورزی گەورەی لە داعش وەشاندووە و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە.
