تیرۆریستانی داعش ستراتیژیەتی شەڕەكەیان دۆڕاندووە بۆیە پەنا بۆ تاكتیكی ترسنۆكانە دەبەن
جەمال مورتكه هەروەها گوتی: ستراتیژیەتی گوێڕ لەوەدایە كە نزیكە لە هەولێری پایتەخت، لەلایەكی دیكەوە خاڵی بە یەكگەیاندنی میحوەری خازرە لەم لاوە، لەو لاشەوە خاڵی بە یەك گەیاندنی نێوان مەخموور و دبسە، بۆیە هەر كاتێك دوژمن گوێڕی بكەوێتە بەردەست، بەرەی خازر و بەرەی دبس - مەخمووریش دەكەوێتە مەترسییەوە، لەم رووەوە هەموو هەوڵی تیرۆریستانی داعش لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو بۆ ئەوە بووە جارێكی دیكە گوێڕ بگرنەوە.
شایانی باسە مورتكه هەروەها گوتی: كاتێك لە رۆژی 7ی ئابی 2014 تیرۆریستان دەستیان گەیشتە گوێڕ، وەك هەموو لایەك دەزانن، جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاند و هەر خۆیشی وەك فەرماندەیەكی مەیدانی پلانی سەربازی بۆ رێكخستنەوەی بەرەكانی شەڕ داڕشت، منیش رۆژی 7ی ئابی 2014 گەیشتمە ناوچەی گوێڕ و لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی هێزێكی تازەمان پێكهێنا و ئەو هێزە تازەیە كە من سەرپەرشتیم دەكرد، بووە بەشێك لەو هێزەی كە لە رۆژی 10ی ئابی 2014 بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی گوێڕمان ئازاد كردەوە، ئەو پلانە سەربازییەی سەرۆك بارزانی بۆ گرتنەوەی گوێڕ و مەخموور دایڕشت، لە كاتێكدا بوو هێشتا هاوكاریی هاوپەیمانان دەستی پێنەكردبوو، تەنیا بە ئیمكانیەتی بەردەست و ئیرادەی پێشمەرگەش توانرا تیرۆریستانی داعش تێكبشكێندرێت، واتە دوای ئەوەی ئاڕاستەی شەڕەكە گۆڕا، هاوپەیمانان دەستیان كرد بە ناردنی هاوكاری بۆ پێشمەرگه.
لە كۆتایی قسەكانیدا مورتكه گوتی: پێش هەموو شت دەمەوێت ئەوە بڵێم، جوگرافیا و تۆپۆگرافیای ئەم ناوچەیە بریتییە لە سنووری نێوان كورد و عەرەب، هەروەها بە درێژایی سنووری نێوان ئەم بەرەیە كە 20 كیلۆمەترە، زێیەك لە نێوانماندا هەیە، هەروەها ناوچەیەكی جەنگڵستانە و بەرزایی و نشێوی زۆرە، لەم ناوچەیە گوندی عەرەبی لێیە، بۆیە دوژمن دەتوانێت بپەڕێتەوە، هەروەها شێوازی ئەم ناوچەیەش بەو جۆرەیە دوژمن دەتوانێت خۆی حەشار بدات، بەڵام وێڕای ئەمانەش بەردەوام هێرشی لەناكاوی دوژمن بە نیسبەت ئێمەوە چاوەڕوانكراو بووە، لە شەڕیشدا جاری وایە دوژمن دەتوانێت پێشڕەوی بكات، گرنگ ئەوەیە پاشەكشەی پێبكرێتەوە. ئەو هێزەی لەم ناوچەیە هەن، هەندێك كێشەی تەكنیكییان هەیە و پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە، هەر بۆ ئەم پرسە بەڕێز وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی كردووین، دەبوو زووتر ئەو كێشە تەكنیكییە چارەسەر بكرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1010)
