هەولێر.. لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران
لە دانیشتنی ژمارە 18 دا سکرتێری دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری 15لیژنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەڵبژێردران، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو ئەندامانی لیژنەکان هەڵبژێردرێن .
لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنەکان، دەستی سەرجەم ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بەرزدەکرایەوە، چونکە پێش دەنگدان سەرجەم لایەنەکان رێکەوتبوون لەسەر دابەشکردنی لیژنەکان.
پێچەوانەی لیژنەکان بۆ هەڵبژاردنی سکرتێری ئەنجوومەنەکە، بەهۆی رێکنەکەوتنی سەرجەم لایەنەکان فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان دەنگیان بە سکرتێر نەدا و لە کۆی 27 ئەندامی ئامادەبوو تەنها 19 دەنگ بە سكرتێر دران، کە بوو بە پشکی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی و هالان هورمز لەسەر کورسی سکرتێری دانیشت، کە تا ئەو دانیشتنە بەتاڵبوو.
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە 30 کورسی پێکدێت بەمەش هەر دوو کورسی لیژنەیەکیان بەرکەوت، پارتی 5 لیژنە: لیژنەکانی مافی مرۆڤ، تەندروستی، شەهیدان، کاروباری و یاسایی و کاروباری ئایینی، یەکێتی 3 لیژنە: پەروەردە، وەرزش و لاوان، پیشەسازی و سامانە سرووشتییەکان، پشکی بزووتنەوەی گۆڕان هەریەک لە لیژنەکانی ئاوەدانکردنەوە و کشتوکاڵ بو ، پشکی لیستی خزمەتیش هەریەك لە لیژنەکانی دارایی و دەستپاکی بوو ، هەریەک لە لیژنەکانی ناوخۆ و شارەوانیش بوون بە بەشی لایەنە تورکمانییەکان و کریستیانەکانیش جگە لە سکرتێر، لیژنەی پەیوەندییەکانیان بەرکەوت .
