كارمەندانی تەندروستی هەڕەشەی مانگرتنی سەرتاسەری دەكەن

كارمەندانی تەندروستی هەڕەشەی مانگرتنی سەرتاسەری دەكەن

بۆ كۆمەڵێك دواكاری كە نزیكەی ساڵێكە پێشكەشی لایەنی پەیوندداریان كردوون بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، بڕیارە كارمەندانی تەندروستی دەست بەمانگرتنی سەرتاسەری بكەن.

جەبار محەمەد رەحیم، نەقیبی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، ماوەی ساڵێك زیاترە چەندین داواكاریمان داونەتە چەند لایەنێكی پەیوەنداری حكومەت و زۆرینەشیان بەڵێنی جێبەجێكردنیان دراوە، بەڵام تائێستا هیچیان بۆ نەكردووین.

سەبارەت بە داواكارییەكان جەبار محەمەد گوتی:" مەسەلەی دەرفەت رەخساندن بۆ خوێندنی كارمەندانی تەندروستی ‌و دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كارمەندان، هاوتاكردنی دەرماڵەی مەترسی لەنێوان پزیشك ‌و كارمەندانی تەندروستی كە نادادپەروەرییەكی زۆری تێدایە، هاوكات كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی لەناو وەزارەت بۆ كاروباری كارمەندانی تەندروستی-مان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوتوێكردوون".

نەقیبی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە سبەی 19-1- 2015 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەشاری هەولێر دوا هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن،" دەرفەتێكی دیکە دەدەینەوە حكومەت، ئەگەر هەر جێبەجێ‌ نەبوو هەڵوێستی تووندمان دەبێت". ژمارەی كارمەندانی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 25 هەزار كارمەندە ‌و لەو ژمارەیەش زۆرتر لە21 هەزاریان ئەندامی سەندیكای كارمەندانی تەندروستین.

رووداو
Top