مەحموود عوسمان: پەكەكە ناتوانێت كانتۆن لە شنگال دروست بكات

 مەحموود عوسمان: پەكەكە ناتوانێت كانتۆن لە شنگال دروست بكات
سیاسەتمەداری كورد (مەحموود عوسمان) دەڵێت، پەكەكە ناتوانێت كانتۆن لە شنگال دروست بكات، لە باشوری كوردستان حكوومەت و پەرلەمان هەن كە دەتوانن بڕیاری دروستكردنی كانتۆن بدەن.

سیاسەتمەداری كورد (مەحموود عوسمان) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "پەكەكە ناتوانێت كانتۆن لە شنگال دروست بكات، چونكە شنگال بەشێكە لەخاكی باشووری هەرێمی كوردستان، لە باشووری كوردستانیش حكوومەت و پەرلەمان هەن كە دەتوانن بڕیارێكی وا بدەن، ئەگەر (پەكەكە)ـیش هەر بڕیارێك لەبارەی باشووری كوردستانەوە بدات، دەبێ بە گفتوگۆ و پێكهاتن و هاوكاری لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمانی باشووری كوردستان بیدات. گرنگە ئەوە بزانین ئەگەر كانتۆنی شنگال دروست بكرێت، دەبێ حكوومەتی هەرێم و خەڵكی ناوچەی شەنگال ئەم بڕیارە بدەن نەوەك پەكەكە".

(مەحموود عوسمان) ڕوونیشی دەكاتەوە، "هیچ لایەنێك ناتوانێت بڕیاری كانتۆن بەسەر شنگالدا بسەپێنێت، ئێستا شنگال رزگار نەكراوە، با رزگار بكرێت و ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكی شەنگال بگەڕێنەوە شوێنەكانیان، ئەوكاتە دەتوانرێت بیر لەو جۆرە شتانە بكرێتەوە، ئەگەرنا لە كاتێكی وا هەستیاردا ئەو بڕیارانە نابێ بدرێن، كەس ئەو مافەی نییە چارەنووسی خەڵكی شنگال دیاری بكات و شنگال بەشێكە لە خاكی باشووری كوردستان، هەر بڕیارێك بدرێت دەبێت لە چوارچێوەی حكوومەتی باشووری كوردستاندا بدرێت".
Top