فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانی زانیارییەكانی راگەیاند.. بزانە كەی ئازاد دەكرێت و داعش چی كردووە

 فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانی زانیارییەكانی راگەیاند.. بزانە كەی ئازاد دەكرێت و داعش چی كردووە
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی كە ئێستا گەڕاوەتە هەرێمی كوردستان، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، تەواوی وردەكارییەكانی ئەو ماوەیەی لە كۆبانی بووە راگەیاند و هەر وا پێوەست بە ئازادكردنی كۆبانی و داعش و دەستكەوتەكانی پێشمەرگە، زانیاریی راگەیاند.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەوان شەوی رابردوو گەییشتوونەتەوە هەرێمی كوردستان و هەموویان سەلامەتن و تەنیا لە سەرەتای چوونیان بۆ كۆبانی یەك پێشمەرگە بە سووكی بریندار بوو، ئەویش هەر زوو چارەسەری بۆ كرا و چاك بووەتەوە و تەندروستیی جێگیرە.
سەبارەت بەو دەستكەوتانەی بە دەستیان هێناون، عەمید (شەوكەت مزووری) گوتی، "ئەو كاتەی ئێمە چووین بۆ كۆبانی 50%-ی رزگار كرابوو، بەڵام لە ئێستادا گەییشتووەتە 85% و تەنیا لە رۆژهەڵات و باشووری كۆبانی چوار گەڕەك ماون رزگار بكرێن، ئەوەی دیكە هەمووی لە دەست هێزی پێشمەرگە و شەڕڤاناندان".

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەشڵێت، "جگە لە هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان 200چەكداری سوپای ئازادیش لەوێ هەن و هاوشێوەی ئێمە شەڕی داعش دەكەن و چەك و تەقەمەنییشیان هەیە".
(مزووری) ڕوونیشی كردەوە، داعش ورەی ڕووخاوە و توانای هێرشكردنی نەماوە، چونكە هێزیان كەم بۆ دێت هەر جارێكیش هێزیان بۆ دێت، پێویستە لە رەققەوە رەوانە بكرێت، ئەمەیش هەندێك ئەستەمە بۆ ئەوان، بۆیە ئەوان كە هێزیان بۆ دێت كەمە و هێرشەكانیشیان بچووكن و هەر زوو تێك دەشكێندرێن و سەركەوتوو نابن.
ئەو فەرماندەیە راشیگەیاند، هۆكاری دواكەوتنی ئازادكردنی كۆبانی بە یەكجارەكی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داعش تەقەمەنیی زۆری داناوە، بۆیە ئەمەیش كاتی دەوێت و پرۆسەكە بە خاوی بەڕێوە دەچێت.
ئاماژەیشی دا كە، "بە رای من تاوەكو كۆبانی و دەوروبەری بە تەواوەتی لە داعش پاك دەكرێنەوە، رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت، بەڵام ناگاتە ساڵێكی دیكە".
Top