ئەمەریکا چوارسەد سەرباز دەنێرێتە سووریا

 ئەمەریکا چوارسەد سەرباز دەنێرێتە سووریا
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، چوارسەد سەربازی ڕاهێنەڕ و، سەدان کارمەندی پشتیوان دەنێرێتە سووریا، تا مەشق بە هێزە میانڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکات.
دەیلی‌مەیل لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی هێشتا ڕوون نییە سەربازە ئەمەریکاییەکان لە کوێیەوە دەچن و، لە کوێیشدا جێگیر دەکرێن؛ تورکیا و عەرەبستان بە ئەمەریکایان گوتووە ئێمە لە خزمەتداینە.
ئەمەریکا پلانێکی سێ ساڵەی هەیە بۆ مەشقدادانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا؛ لەو پلانەیدا ساڵانە پێنجهەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سووریا مەشق دادات، بەو سێ ساڵە پانزەهەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆن دەکەونە سەر پێی خۆیان.
هەڵبەت ئەمەریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو کارەی و، نایەوێت بە هیچ شێوەیەک هەڵە بکات و، گروپە توندڕەکانی وەکو نوسرە مەشق پێ بکات.
ئەو بەرنامەیەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی (سی‌ئای‌ئەی)ـدایە کە لە تشرینی یەکەمی پارەکەدا ئەو بڕیارەی دابوو.
جێی باسە هەر لەو دیو سنووریشەوە لە عێراق زیاتر لە سێهەزار سەربازی ئەمەریکایی مەشق بە پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دادەن.
Top