بوودجەکە بگەڕێننەوە، پەسەندکردنەکەی دوا دەکەوێت..به‌و زووانه‌ شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا ناكات

 بوودجەکە بگەڕێننەوە، پەسەندکردنەکەی دوا دەکەوێت..به‌و زووانه‌ شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا ناكات
پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بە ھیچ شێویەک بوودجە گشتییەکەی عێراق کەم ناکرێتەوە، چونکە ئەگەر بڕیار بێت کەم بکرێتەوە، دەشێ بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت ئەو کاتە پڕۆژە یاسای بوودجە زۆر دوا دەکەوێت.

(موحسین سەعدوون)، ئەندامی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێرێ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بوودجە تەواو بوو؛ وایش ڕێک کەوتوونە پڕۆژەیاسای بوودجە وەک خۆی بمینێتەوە و، کەم نەکرێتەوە، چونکە ئەگەر کەم بکرێتەوە، دەشێ بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت و، لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە کەمی بکاتەوە؛ هەتا حکوومەتیش ھەمواری بکاتەوە، کاتی زۆری دەوێت و، پەسەندکردنەکەی هەر زۆر دوا دەکەوێت."
موحسین سەعدوون، گوتیشی: "ئێستا لیژنەی دارایی کارەکانی دەکات و، ھەر کاتێک پڕۆژەیاساکەی بوودجەی ئامادە کرد دەخرێتە دەنگدان و، پەسەند دەکرێت."
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، بەشی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراق وەک خۆی دەمینێتەوە و، ھیچ ناگۆرێت."
دەیشڵێت زەحمەتە به‌و زووانه،‌ ھیچ شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، ئاخر جارێ سەرۆکی پەرلەمان دەچێتە دەرەوەی وڵات؛ هەڵبەت چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوودجە، شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و، باسی کێشەکانی دیکەی نێوان ھەرێم و بەغدا بکەن، چونکە ھیشتا زۆر کێشە ماوە چارەیان بکەن."
Top