ساختەكاریەكی مەترسیدار ئاشكرا دەبێت
بەپێی بەڵگەنامەیەكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان چەندین پارێزەر بە ساختە خۆیان كردووە بە پارێزەر و باجی پارێزەریان لە لایە و خەڵك و داموودەزگاكانیان هەڵخەڵەتاندووە، بۆیە سەندیكاكە بە نوسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەت و فەرمانگەكانی لەو بابەتە ئاگاداركردۆتەوە و پێی راگەیاندن لەمەودوا كاربە باجی پارێزەران ناكرێت بەڵكو كار بە ناسنامەی پارێزەران بكرێت و دەبێت پارێزەران لە جیاتی باج ناسنامە ببەستن.
سەندیكای پارێزەران پەرلەمان و دادگاكان و ئەنجومەنی دادوەریشی لەو بابەت ئاگاداركردۆتەوە كە بەهیچ جۆرێك رێگە نەدەن پارێزەران تەنها بە بەستنی باج كاری خۆیان بكەن.
وریاسەعدی نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بە (باس) ی راگەیاند: بەهۆی ساختەكردنی باجی پارێزەرایەتی كاركردن بەو باجە راگیراوە، تەنانەت ساختەكاریەكە بە شێوەیك بووە هەندێك خەڵك پارێزەریش نەبوونە بەڵام باجی پارێزەرایەتیان هەڵگرتووە بۆیە بڕیارماندا لە بڕی باج ناسنامەی پارێزەرایەتی كاری پێ بكرێت.
وریاسەعدی ئاماژەی بەوەدا توانیویانە ساختەكاری لە باجی پارێزەران ئاشكرا بكەن و كە ژمارەیەكی زۆرساختەكاری كرابوو، هەروەها خەڵك هەبووە پارێزەر نەبووە بەو باجە كاری كردوە، یان هەبووە براكەی پارێزەر بووە و بە باجی براكەی ساختە كاری كردوە و بە ناوی پارێزەرایەتی چۆتە فەرمانگەكان و دادگاكان.
نەقیبی سەندیكای پارێزەران رونیكردەوە ساختەكاریەكەی ئەو پارێزەرانە بە دوو تاوان ئەژمار دەكرێت، بۆ ئەوەش لە لیژنەی سزادانی سەرپێچیەكان لە سەندیكا رێكاری خۆی دەگرێتەبەر.
وریاسەعدی گوتیشی : داوایان لە فەرمانگەكانە كە بەهیچ جۆرێك كار بە باجی پارێزەران نەكەن و لەگەڵ ئەوەی بە نوسراو ئاگاداری داموودەزگاكانمان كردۆتەوە، بەڵام لێرەوە لەو ساختەكاریە ئاگاداریان دەكەمەوە كە تەنها كار بە ناسنامەی پارێزەران بكەن، چونكە لە ناسنامەكە هەموو شتێكی پارێزەری بوونی هەیە.
ئەو بەرپرسەی سەندیكا ئاشكرایكرد بەپێی دوایین ئامار زیاتر لە 10 هەزار پارێزەر لە هەرێمی كوردستان هەیە و ئەندامی سەندیكای پارێزەرانن.
لە 1/3/ 1993 دەستەیەك بەناوی پارێزەران دامەزرا دواتر كرایە سەندیكای پارێزەران، لە ساڵی 1999 لە لایەن پەرلەمانی كوردستان یاسای كاری پارێزەرایەتی ژمارە 17 دەرچووە كە تیایدا سەندیكا كراوەتە مەرجەعی سەرەكی پارێزەران بۆ مافەكانی پارێزەران وسزادانیان.
باسنیوز
