خەسرۆ گۆران: دەوڵەتی قانوون ناتوانێت بەربەست لە بەردەم پەسەندکردنی بودجە دروست بکات
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق (خەسرۆ گۆران) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ھەر لەسەرتای دامەزراندنی پەرلەمانی عێراق ئێمە وەک پارتیی دیموکراتی کوردستان دەست پێشخەر بووین بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانیەتیەک لە نێوان کوتلەکوردییەکان و داواشمان لەھەموو لایەنەکان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی کرداری نەنراوە.
(خەسرۆ گۆران) گوتیشی، من خۆم رەشنوسێکم وەک پێشنیار بەھەموو لایەنەکان داوە کە چۆن ئەو ھاوپەیمانیەتیە دروستبکرێت و ھەموو لایەنەکان باسیان لەوەکرد ئێمە رازین و ھەندێک لایەن باسیان لەوەکردووە لەگەڵ سەرکردایەتی خۆمان قسە دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداینەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، ئێمە لەناو پەرلەمان زۆرترین ئەندامان ھەیە کە 28 ئەندامە و داوامان لەلایەنەکان کردووە بە رێککەوتن یاخود ھەڵبژاردن ئەو ھاوپەیمانیەتییە ھەڵبژێردرێت و ھەرچۆنێک ئەوان پێیان باشە.
(خەسرۆ گۆران)راشیگەیاند، لای ئێمە پلەو پۆست گرینگ نییە؛ ئەگەر گرینگ بوا ئەوا زۆر پۆستمان وەردەگرت و بەمافی خۆشمان دەزانی، بەڵام یەکڕیزی ناو ماڵی کورد لەھەمووی گرینگترە، ھەر بۆیەش سازشمان لە زۆر شت کردوون کە مافی خۆمان بووە .
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ پڕۆژەیاسای بودجە، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئێمە ئەندامان ھەیە لە لیژنەی دارایی وپێش دوو رۆژە ئەو ئەندامانە چوونەتە بەغدا بۆئەوەی لە کۆبوونەوەکان بەشداربن و بەیانی کە گەڕاینەوە لەگەڵ ئەندامەکانمان کۆ دەبینەوە و تێبینیەکان تاووتو دەکەین، بۆ ئەوەی یەک ھەڵوێستمان ھەبێت لەکاتی گفتوگۆکردنی بودجە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رایگەیاند، لیستی دەوڵەتی قانوون ناتوانێت بەربەست لەبەردەم پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دروستبکات، چونکە ھیچ لایەنێک زۆرینەی رەها نییە لە پەرلەمان و ھەموولایەنەکان لە لیژنەی دارایی ئەندامیان ھەیە و ئەگەر ئەوان کۆکبن پەرلەمانیش کێشەی نابێت، بڕواش ناکەم ھیچ لایەنێکی سیاسی بتوانی بەربەست دروست بکات.
بڵند ئیبراھیم
