بۆ یەكەمین جارە لە عێراقدا سیستمی باج پەیڕەو دەكەین و لەشەش مانگی یەكەمدا كورتهێنانی بودجە پڕدەكەینەوە

بۆ یەكەمین جارە لە عێراقدا سیستمی باج پەیڕەو دەكەین و لەشەش مانگی یەكەمدا كورتهێنانی بودجە پڕدەكەینەوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان هۆشیار زێباری وەزیری دارایی حكومەتی عێراق بۆ گوتى: ئەمجارە بڕیاری سیاسیی سەركردایەتی هەرێمی كوردستان ئەوە بوو بەشدار بین لەم حكومەتە تازەیەدا و پەند لە هەڵەكانی پێشتری حكومەتی رابردوو وەربگیرێت، بێگومان بەشداربوون پێویستە لەسەر بناغەی چەند پرەنسیپێك بێت، لەوانە: یەكەمیان قووڵكردنەوەی پرەنسیپی شەراكەتە، دووەمیان پێویستە پرەنسیپی سازان و تەوافوقی سیاسی لەسەر هەندێ گرفت و خاڵی ستراتیژی هەبێت، كە قابیل نین بۆ ئەوەی بە پرەنسیپی كەمینە و زۆرینە یەكلایی بكرێنەوە، سێیەم پێویستە مافەكانی هەرێم لە بودجە و لە نەوت و لە یارمەتیدانی پێشمەرگە زۆر بە روونی و ئاشكرایی حكومەتی عێراق پابەندێتی پێوە هەبێت، واتە هەر بە قسە و بەڵێنی باق و بریق نەبێت، ئەمانەیە بناغەی بەشداربوونی ئێمە لەم حكومەتە، لەو رۆژەوە تا ئێستا ئێمە وەك وەزیری دارایی عێراق بەردەوامین لەسەر ئیشوكارەكانمان، كە پێشتر زۆربەی زۆری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم لەم وەزارەتەدا كەڵەكە دەبوون.

هەروەها زێباری گوتى: كارەكانی ئەمساڵ زۆر قورس دەبن، لەبەر ئەوەی مەسەلەكە تەنیا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵكو كێشەیەكی مەترسیدار لە پێشمان قوت بۆتەوە كە عێراق و كوردستانیشی تووشی دوو هێدمەی گەورە كردۆتەوە، یەكەمیان هاتنی داعش و چەندین گرووپی تیرۆریست و گرێبەستی سەربازیی و چەك كڕین و مووچەی ئەم هەموو خەڵكەیە كە شەڕی داعش دەكەن، دووەمین هێدمە دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهاندا، واتە نرخی بەرمیلێك نەوت لە 110 دۆلارەوە هاتۆتە ژێر 60دۆلار كە ئەم دابەزینە زۆر و خێرایە لە چاوەڕوانی كەسدا نەبووە، كە بۆ ساڵی 2015ش دۆخەكەی قورستر كردووە لەسەر باری دارایی عێراق و بارگرانییەكی سەختە لەسەر بودجەی گشتی، بەڵام بەپێی ئەو راڤە و شرۆڤەكاری و پرس و رایەی لەگەڵ زۆربەی لایەنە جیهانییەكان كردوومانە، مەزەندەكان ئەوەیە كە نرخی نەوت جارێكی دی ئاستی خۆی بەدەست دێنێتەوە و رەنگە بچێتەوە دەوروبەری 70 تا 80 دۆلار، ئێمە بۆ وەرگرتنی هەموو ئەگەرێك لەم بودجەیەدا نرخی نەوتمان لەسەر 60 دۆلار حیساب كردووە، بە رێژەیەكی گریمانەیی لە سنووری سێ ملیۆن و سێ سەد هەزار بەرمیلی رۆژانە، چ بەو نەوتەی كوردستان كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیلە و چ بەو نەوتەی هەندێ كێڵگەی كەركووك كە 300 هەزار بەرمیلە و بەو رێژەیەی كە لە شوێنەكانی دیكەی عێراقیشەوە رەوانە دەكرێت، كۆی گشتی دەكاتە سێ ملیۆن و سێ سەد هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیادا هوشیار زێباری گوتى: رەنگە ئەم رێككەوتنە قسەی كۆتایی نەبێت، بەڵام بە چوارچێوەی رێككەوتنێكی كۆتاییدا دەیبینم، چونكە چارەسەر دۆزینەوە بۆ هەموو كێشەكان لە چوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا خۆیان دەبیننەوە، مەبەستم ئەوە نییە ئەمە تەنیا بۆ ساڵێك بێت، بەڵكو لەوە گرنگتر گەڕانەوەی متمانەكردن بە یەكتر دروست دەكات، ئەم رێككەوتنە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانیش بە گەورەترین دەستكەوت بۆ حكومەتی عەبادی حیساب دەكرێت، چونكە ئەمە زەحمەتترین كێشەی حكومەتی پێشوو بوو، كە بە نەفەس و نییەتی ئەرێنییەوە چارەسەری پێ نەدەكرا، چونكە حكومەتی پێشوو هەمیشە بە بێ متمانەیی و گومانەوە رووبەڕووی ئەم كێشانە دەبووەوە، بەڵام ئەمجارەیان هاتۆتە سەر بەڕە، هەردوولاش پێویستیان بەم رێككەوتنە هەبوو، ئەنجامەكەشی وا بوو كە سوود و قازانجی هەردوولای تێدا بێت، نەك لایەنێك لەسەر حیسابی لایەنێكی دی قازانج بكات، هیچ جەمسەرێك بۆ خاتری جەمسەرەكەی دی نەشكاوە تێیدا، ئەگەر تەماشای ئەنجامەكەی بكەین، ئەم رێككەوتنە قازانجی بۆ هەردوو لا هەبووە.

لە كۆتاییدا زێباری گوتى: ئەمە یەكەمین جارە بە راشكاوی و بە روونی و بە شێوەیەكی رێكوپێك باسی ئیلتیزامی حكومەتی فیدڕاڵ دەكرێت بۆ ئەوەی یارمەتی پێشمەرگە بدات، نەك وەك داڕشتنی قسەی بریسكەداری بێ بەرهەم، ئەمجارە بەشێك لە بودجەی هێزەكانی زەمینی عێراق تەرخان دەكرێت بۆ كوردستان، لە كوردستان نە هێزی ئاسمانی و نە هێزی دەریاوانی هەیە، بەڵام بە پێی رێژەی دانیشتووان بەشێك لەو بودجەیە لە وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بۆ پێشمەرگە جودا دەكرێتەوە كە لە سنووری ملیارێك و دوو سەد ملیۆن دۆلاردایە، ئەمە كە لە بودجەدا دابندرێت و بە رێككەوتنیش بێت، ئیتر دەبێتە ئیلتیزام، حكومەتی بەغدا لەوە تێگەیشتووە كە پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆریستان و داعش بۆتەوە بە درێژایی هەزار كیلۆمەتری بەرەی جەنگی بەرەنگاریی لە خاكی وڵات دەكات، پێشمەرگە دەستكەوتی زۆری بەدەستهێناوە، هەر لە شنگال و خانەقین تا مەخموور و رەبیعە و كۆبانێ، ئەمە دەبێ بە بێ منەت حیسابیان بۆ بكرێت، چونكە پێشمەرگە بەشێكی بنەڕەتی ئەو رووبەڕووبوونانەیە، پێویستە تەنیا نەخرێتە قاڵبی یارمەتییەوە، بەڵكو پێویستە بخرێتە ئاستی مەشق و راهێنان و چەك كڕین و ئامادەسازی لۆجیستی سەربازی، بە رای من ئەمە وەرچەرخانێكی ئەرێنی بوو لە عەقڵییەتی حكومەتی فیدڕاڵیدا وەدیهات.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1008)

Top