بەڕێز مسعود بارزانی رۆڵێكی باڵاو بەرجەستەی لە ئازادكردنی ناوچەكانی شنگالدا هەبووە

بەڕێز مسعود بارزانی رۆڵێكی باڵاو بەرجەستەی لە ئازادكردنی ناوچەكانی شنگالدا هەبووە
لە بابەتێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان شوان رابەر ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ گوتى: ئێمە وەكو كورد و كوردستان زیاتر لە پێشوو لە بارودۆخێكی ناهەموار و تاقیكردنەوەداین، پیلانی زۆری دوژمنانمان لەسەرە، پڕۆسە و قۆناغێكی گەورە و گرنگمان لەپێشە كە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و پاراستنی گەل و نیشتمانمانە، زۆر زەڕوورە كورد هەمووی یەكدەست و یەكهەڵوێست و یەكپارچە بێ، ئەوەش بەوە دەكرێ كە حوكمڕانیی خۆمان بە دامودەزگایی بكەین، دادگەری كۆمەڵایەتی بەرپا بكەین، ئاسایشی نەتەوە و نیشتمانمان بپارێزین و ئەو پەڕی خزمەت بە گەل و نیشتمانمان بكەین، بەرژەوەندی گەل و وڵات بەسەر بەرژەوەندی كەس و حزبدا هەڵبژێرین، رێزی زیاتری یەكتر بگرین.

شوان رابەر هەروەها گوتی: بڕوامان بە دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەبێت، هێزەكانمان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخەین، میلیشیا و هێزی تایبەت نەمێنن، وەزارەتی پێشمەرگە سەركردایەتی سەربازی شەڕ و شۆڕەكان و پێشمەرگە بكات، زیاتر سنوورەكانمان قایم بكەین، گیروگرفتە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەین، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بێنین، ژێرخانی ئابووریمان پتەو بكەین، حوكمڕانیی باشی گەل و وڵات بكەین، ئازادی ئیجابی زیاتر بەرپا بكەین، مافەكانی مرۆڤ بپارێزین، گەورە بیر بكەینەوە، ئایندەیەكی گەشی دوور رەچاو و بینا بكەین، لە هەڵەكانی یەكتر ببوورین، دەسەڵات و سامانی وڵات قۆرخ نەكەین و لە بەرژەوەندی خۆماندا بەكاری نەهێنین.

شاياني باسه رابەر هەروەها گوتی: خزمەتی باشی گەل و وڵاتی پێ بكەین، زیاتر رێز لە پێشمەرگە بگیرێ و زیاتر خزمەت و خەرجی بكرێ. یەكتر لەپیلانی دوژمنان ئاگادار بكەینەوە، لەسەر بیڕ و رای سیاسی و ئینتیمای حزبی یەكتر یاساغ و قەدەغە نەكەین. پیلان لە یەكتر نەگێڕین، هەموومان لەگەڵ گەل و وڵاتدا زۆر ساغ و راست بین. بۆ خەڵك كاربكەین و بژین، نەك تەنها بۆ خۆمان.
لە كۆتایی بابەتەكەیادا رابەر هەروەها گوتی: هەموومان پێكەوە ئامانجەكانی گەل و نیشتمان تاقیق بكەین و دەستكەوتەكانی زیاتر بكەین. هەموو ئەوانە هۆكار و بنەمای سەربەخۆبوون و جاڕدانی دەوڵەتی كوردین. سەبارەت بە رۆڵی بەڕێز كاك مسعود بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم لەم دواییانە لە شەڕەكان، بەتایبەت لە گرتنەوەی ناوچەكانی شنگال رۆڵێكی باڵا و بەرجەستەی هەبووە، خۆی بۆ ماوەیەك لەوێ ماوەتەوە و سەركردایەتی شەڕەكەی كردووە، بۆیە ئەگەر هەموو هێزەكانی كوردستان بەهەموو یەكە سەربازییەكانیەوە لەهەموو ناوچەكان لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكی هەرێم بن، بەرهەم و دەستكەوتی باشتریان دەبێت، ئەوانیش لە ئیجابیات و سەلبیاتی شەڕەكان و بارودۆخی پێشمەرگە مەسئول دەبن، ئەوەش مافێكی دەستووریی خۆیانە .
Top