وجوودی بەردەوامی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا متمانە و قوربانیدانی لە ئیرادەی پێشمەرگەدا زیندوو كردەوە
هەروەها فەخری كەریم گوتی: داعش درێژكراوەی چوارچێوەی ئەو تیرۆریستانەن كە لە دوای رووخانی سەدام حوسێنەوە پەیدابوون، ناوكی داعش بریتییە لەوانەی كە دوای رژێم بەتەنیا مانەوە لە دەستوپێوەند و پاشماوەكانی گرێدراو بە حزبی بەعس، یان ئەوانەی كە لە دەزگا داپڵۆسێنەرەكان بوون، ئەوانەی كە بەرژەوەندییەكانیان نەماو دەسەڵاتیان لە عێراق لەدەست چوو، بەڵام بە ڕای من گرنگترین هۆكاری ژیانەوەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە ئەو سەرچاوە كۆمەڵایەتی و سیاسییە بوو كە دیسانەوە لە ئەنجامی ئەو جوداكاریی و پەراوێزخستنەی سیاسەتی چەوتی مالیكی و حوكمڕانانی دەوروبەری، بووە هۆی دروستبوونی بۆشاییەك و داعش توانی ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە، دەتوانم ئەوەش بڵێم ئەگەر مالیكی سیاسەتی پەراوێزخستنی پێكهاتەی سوننەی نەبوایە، مەترسی و سەرهەڵدانی داعش بەو شێوەیە نەدەبوو، هەروەها هەوڵی بەردەوامی مالیكی بۆ چەسپاندنی سیاسەتی تایفەگەری كە لە راستیدا خزمەتی ئەو تایفەیەشی نەكرد كە ئەو بانگەشەی ئینتیمای بۆ دەكرد.
شایانی باسە كەریم گوتی: رەنگە پتر لە 120 رۆژ بەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەی عەبادیدا رەت بووە، سیاسەتی پێشوو بێجگە لەو خاڵە چەوت و هەڵانەی باسمان كردن، رەنگە گەنجینەیەكی بێ سەرمایەی لەدوای خۆیدا جێ هێشتبێت، كە ئەمە پەیوەست بووە بە گۆڕانكاریی لە نرخەكانی نەوت، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا مەسەلەی سوپا پێویستی بە هەوڵی نائاسایی و پێكەوەیی هەیە لە حكومەت و هێزە سیاسییەكان، نەك هەر لە پڕچەككردن، یان مەشق، بەڵكو لە مەسەلەی بیروباوەڕی سەربازی، چونكە مانەوە لە چوارچێوەی تایفەگەریدا بە هەر شێوەیەك بێت، ئەو هێزە ناتوانێت چی دیكە بەرگری لە سەروەریی وڵات بكات و دژی تیرۆریست و دوژمنان بوەستێتەوە، من پێموایە ئەركێكی زۆر دەكەوێتە سەرشانی عەبادی و حكومەتەكەی و ئەم ئەركانە بەبێ تیماركردنی هەموو دەردەكانی ژیانی سیاسی و كەشوهەوای سیاسی جێبەجێ نابن، هەروەها تاكو سەقامگیرییەكی نیشتمانی نەیێتەئاراوە و هەموو هێزە سیاسییەكانیش پشتگیری لێ نەكەن، ئەم پرسە سەركەوتوو نابێت، چونكە پێویستی بە یەكهەڵوێستیی نیشتمانی هەیە، ئەو هەنگاوەی پەیوەستە بە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند یەكێكە لە بنەماكانی پێوەندیی بەردەوام تاكو هەموو ئاستەنگەكان نەهێڵێت، مەسەلەی دابینكردنی خزمەتگوزاریش بۆ هاووڵاتیان ئەمەیان بە سێ، یان چوار مانگ بەدی نایەت، بەڵكو پێویستی بە ماوەیەك هەیە رەنگە بۆ ماوەی ساڵێكیش بێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا فەخری كەریم گوتی: من زۆر لە نزیكەوە مسعود بارزانی دەناسم، بەڵام من لێرەدا ئەو دۆستایەتییە دەخەمە ئەولاوە و بە ویژدانەوە دەڵێم كە هەڵوێستی سەرۆك مسعود بارزانی بریتی بوو لە رووبەڕووبوونەوەی بەهێزی بەڕێزیان لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ رەوشەكە، نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق، هەروەها وجوودی بەردەوامی جەنابیان لە بەرەكانی شەڕدا متمانەی بۆ پێشمەرگە گەڕاندەوە، هەروەها زیندووكردنەوەی نەریتی قارەمانانەی پێشمەرگە كە بەداخەوە لەم چەند ساڵەی رابردوودا دیارنەمابوون بە هۆی هەندێ دیاردەی نەرێنی كە لە هەرێمی كوردستاندا زاڵ بوون، بەهاكانی قوربانیدان و بەرگری و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەوانە دەرئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی پێشمەرگە بوون، ئەو نموونەیەی كە سەرۆك بازانی لە ماوەی رابردوودا پێشكەشی كرد، راستەوخۆ بووە هۆی هەرەسهێنانی داعش، لە دواشەڕیشدا لە شنگاڵ كە لە زاری بەڕێزیانم گوێ لێ بوو، داعشەكان بەبێ بەرگری هەڵدەهاتن و پێشمەرگەش راویان دەنان تا دەرەوەی سنوور، من پێموایە ئەم قۆناغە زۆر گرنگ و مەترسیدارە، بۆیە لەسەر سەركردایەتیی كوردستانی پێویستە رێكبكەون تاكو هەموو بستێكی ئەم خاكە رزگاربكرێت و لە دەستی داعش پاك بكرێتەوە، من پێموایە تەنیا بە لەناوبردنی داعش نەوەستین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1008)
